سەردێڕ:

برازاکەی جۆن کێنەدی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا کشایەوە و پشتگیری تڕەمپ دەکات

AM:09:39:24/08/2024

3424 جار خوێندراوەتەوە

برازایەکەی جۆن کێنەدی، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا، کە یەکێک بوو لە کاندیدەکانی کێبڕکێی بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، کشانەوەی خۆی لە هەڵبژاردنەکە راگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد، پشتگیری دۆناڵد تڕەمپی کاندیدی کۆمارییەکان دەکات.


رۆبەرت فرانسیس کێنەدی جونیۆر، کوڕی رۆبەرت کێنەدی، وەزیری پێشووتری داد و سیناتۆری ئەمریکا، برازای جۆن کێنەدی، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا رایگەیاند، لە کێبڕێی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا دەکشێتەوە.

کێنەدی جونیۆر، کە پێشتر ئەندامی پارتی دیموکراتەکان بووە ئاماژەی بەوە کرد، لەسەر هەمان ئەو بنەمایانەی کە لە پارتی دیموکراتەکان جیا بووەوە، بڕیاری داوە پشتگیری لە دۆناڵد تڕەمپی کاندیدی کۆمارییەکان بکات بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا کە بڕیارە لە تشرینی دووەمی ئەمساڵدا بەڕێوە بچێت.

هاوکات، دۆناڵد تڕەمپی کاندیدی کۆمارییەکان رایگەیاند، کێنەدی بڕیارە دروستەکەی داوە و سوپاسی پشتگیریەکەی دەکات، بەڵێنیشی دا، ئەگەر ببێتەوە بە سەرۆکی ئەمریکا، سەرجەم بەڵگەنامەکانی پەیوەست بە دۆسیەی تیرۆرکردنی جۆن کێنەدی، ٣٥ـەمین سەرۆکی ئەمریکا و مامی کێنەدی جونیۆر ئاشکرا بکات. هاوکات، کامالا هاریسی کاندیدی دیموکراتەکانیش رایگەیاند، هەموو هەوڵێک دەدات تا دەنگی دەنگدەرەکانی کێنەدی بەدەست بهێنێت.

لە بەرامبەریشدا، خێزان و خوشک و براکانی کێنەدی کە چەندین ساڵە پشتگیری لە دیموکراتەکان دەکەن، بڕیارەکەی براکەیان بۆ پشتگیریکردن لە دۆناڵد تڕەمپی کاندیدی کۆمارییەکان، بە "خیانەت لە خێزانەکەیان" وەسف کرد.

رۆبەرت فرانسیس کێنەدی جونیۆر، کوڕی رۆبەرت فرانسیس کێنەدی ناسراو بە "بۆبی کێنەدی" وەزیری پێشووتری دادی ئەمریکایە، کە لە ساڵی ١٩٦٨ـدا و لە کاتی کێبڕکێی بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمریکادا تیرۆر کرا، هاوکات، برازای جۆن کێنەدی، ٣٥ـەمین سەرۆکی ئەمریکایە کە لە ساڵی ١٩٦٣ـدا تیرۆر کرا.

کێنەدی جونیۆر، لە ساڵی ١٩٥٤ـدا لە دایک بووە و بەشێک لە ئەندامانی خێزانەکەی، لە پۆستە هەستیارەکانی ئەمریکادا پۆستی باڵایان هەبووە، باوکی کێنەدی جونیۆر سیناتۆر و وەزیری پێشووتری داد بووە، مامێکی بەناوی تێد کێنەدی بە هەمان شێوە سیناتۆر بووە، مامێکی دیکەشی، جۆن کێنەدی سەرۆکی پێشووتری ئەمریکایە، کە سەرجەمیان ئەندامی پارتی دیموکراتەکان بوون.













گەلەری