سەردێڕ:

لە هێرشێکی ئیسرائیلدا؛ حەوت ئەندامی گروپە چەکدارەکانی لوبنان گیانیان لەدەستدا

PM:11:08:23/08/2024

1520 جار خوێندراوەتەوە

حزبوڵای لوبنان رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئیسرائیل لەڕێگەی دەیان مووشەکەوە هێرشی کردووەتە سەر ناوچەکانی باشووری لوبنان و بەهۆیەوە حەوت ئەندامی گروپەکەیان گیانیان لەدەستداوە.


حزبوڵای لوبنان لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، ئیسرائیل لەڕێگەی ٢٠ مووشەکەوە هێرشی کردە سەر شارۆچکەی تەیر حەرفا لە باشووری لوبنان.

باسی لەوەش کرد، بەهۆی هێرشەکەوە ١٠ کەس گیانیان لەدەستداوە کە حەوتیان ئەندامی گروپەکەن.

ئەوەشی خستە روو، لە وەڵامی ئەو هێرشەی ئیسرائیلدا، لەڕێگەی مووشەکەوە بنکەیەکیان لە شارۆچکەی مێتوڵای باکووری ئیسرائیل کردووەتە ئامانج کە سەربازانی ئیسرائیلی تێدا جێگیر بوون.

ئەوەش دوای ئەوە دێت، لە چەند رۆژی رابردوودا حزبوڵای لوبنان لەڕێگەی ٨٠ مووشەکەوە هێرشی کردە سەر ژمارەیەک لە بنکە سەربازییەکانی باکووری ئیسرائیل، بەشێک لە مووشەکەکان خرانە خوارەوە و بەشێکیشیان لە سنووری دوور لە ئاوەدانی کەوتنە خوارەوە کە بەهۆیەوە ئاگر لە چەند ناوچەیەک کەوتەوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگی غەززەوە لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە، هێرشە ئاسمانییەکان لەنێوان ئیسرائیل و لوبنان بەردەوامی هەیە.

بەپێی ئامارەکانیش، تاوەکو ٢٥ـی تەمموزی ئەمساڵ هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچەکانی باشووری لوبنان بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی نزیکەی ٣٥٠ ئەندامی گروپە چەکدارەکانی لوبنان و زیاتر لە ١٠٠ هاوڵاتی مەدەنی کە رۆژنامەنووسیشی تێدا بووە. لەبەرامبەریشدا، ١١ هاوڵاتی مەدەنیی ئیسرائیل و ٢٠ سەربازی ئیسرائیلی گیانیان لەدەستداوە.













گەلەری