سەردێڕ:

دوای گۆڕینی ئاڕاستەی جەنگەکەی؛ بۆ یەکەمجار ئۆکرانیا کۆگایەکی ئەتۆمی رووسیای کردە ئامانج

PM:08:48:23/08/2024

2396 جار خوێندراوەتەوە

جەنگی ئۆکرانیا و رووسیا زیاتر لە دوو ساڵە بەردەوامە، لە ئێستادا بۆ یەکەمجار سوپای ئۆکرانیا هێرشی کردووەتە سەر کۆگایەکی ئەتۆمی رووسیا، لەبەرامبەریشدا کاربەدەستانی رووسیا دەڵێن، هێرشەکەیان تێکشکاندووە.


جەنگی ئۆکرانیا و رووسیا دوای زیاتر لە دوو ساڵ بەردەوامی شەڕ و رووبەڕوبوونەوەکانیان، ئێستا چۆنێتی جەنگەکە چووەتە قۆناغێکى نوێوە و بۆ یەکەمجار سوپای ئۆکرانیا هێرشیکردە سەر کۆگایەکی ئەتۆمی و لە چەند شوێنێکیش گەیشتوونەتە ناو خاکی رووسیاوە و کاربەدەستانی کیێڤیش دەڵێن، لە هەفتەیەکدا خەریکە دووەم گەورە شارى رووسیا کۆنتڕۆڵ دەکەن.

ئەمڕۆ هەینی، ٢٣ـی ئاب، ئاژانسی هەواڵی تاسی رووسی رایگەیاند، فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانی ئۆکرانیا هەوڵی هێرشکردنە سەر وێستگەی ئەتۆمی کورسکی رووسیای داوە و فڕۆکەکە لە نزیک کۆگایەکی سوتەمەنی ئەتۆمی بەکارهێنراو خراوەتە خوارەوە. وەزارەتی بەرگری رووسیاش رایگەیاند، سەرجەم هێرشەکانیان تێکشکاندووە.

لە ٦ـی ئەم مانگەوە ئۆکرانیا چۆنێتی رووبەڕوبوونەوەکانی لە بەرگرییەوە بۆ هێرشکردن بۆ ناوچەکانی خاکی رووسیا گۆڕيوە و پێشتریش، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا لەبەردەم باڵیۆزەکانی ئۆکرانیادا رایگەیاندبوو، سوپاکەیان دەستی بەسەر زیاتر لە هەزار و ٢٥٠ کلیۆمەتر چوارگۆشەی خاکی رووسیادا گرتووە و چوونەتە نێو ٩٢ ناوچەی هەرێمی کۆرسکی رووسیاوە.

هاوکات، سوپای ئۆکرانیا ئاماژەی بەوە کردووە، لە هێرشەکانیاندا زیانی گەورەیان لە بەرگری سوپای رووسیا داوە و زۆربەى شاری کۆرسکی ستراتیژییان کۆنتڕۆڵ کردووە.

شارەزایانی بواری سەربازیش پێیان وایە، زێلێنسکی دەیەوێت گواستنەوەی هێرشەکانی ئۆکرانیا و پێشڕەوییەکانى سوپاى وڵاتەکەی بۆ ناو خاکى رووسیا بۆ ناچارکردنى رووسیا بێت، بە مەبەستی گفتوگۆ و دانوستان و پێشنیازى راگرتنى هێرشەکان لە بەرامبەر ئامادەبوونى مۆسکۆ بۆ ئاشتى راستەقینە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە شوباتی ٢٠٢٢ـدا و بە فەرمانی ڤلادیمێر پوتنی سەرۆکی رووسیا، سوپای وڵاتەکەی هێرشی بۆ سەر خاکی ئۆکرانیا دەستپێکرد و تا ئێستاش جەنگەکە بەردەوامی هەیە و دەیان هەزار کەس لە هەردوو لە گیانیان لەدەست داوە و زیانێکی زۆریش بەر ژێرخانی ئابووری هەردوو وڵات کەوتووە و هەزاران کەسیش لە ئۆکرانیا ئاوارە بوون.













گەلەری