فەرمانگەی کاروباری مین سەر بە وەزارەتی ژینگەی عێراق رایگەیاند، بەپێی پلانەکانیان تاوەکو ساڵی ٢٠٢٨، خاکی عێراق بەتەواوی لە مین پاک دەکرێتەوە.
مستەفا حەمید بەڕێوەبەری راگەیاندنی فەرمانگەی کاروباری مین سەر بە وەزارەتی ژینگەی عێراق رایگەیاند، لە ئەنجامی بەردەوامی هەوڵەکانیان، لەکۆی شەش هەزار و ٦٠٠ کیلۆمەتر چوارگۆشە لە خاکی عێراق، لە ئێستادا تەنها نزیکەی دوو هەزار کیلۆمەتر ماوە لە مین پاک بکرێتەوە.
ئاماژەی بەوەش
کرد، لە ئێستادا تیمەکانی سەر بە وەزارەت کار لەسەر رووبەری ٤٥٠ کیلۆمەتر چوارگۆشە
دەکەن تاوەکو مینەکان هەڵبگرنەوە و ئەو رووبەرە لە مین پاک بکەنەوە.
باسی لەوەش کرد،
بەپێی رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان پێویستە تا ساڵی ٢٠٢٨ خاکی عێراق بە تەواوی لە مین
پاک بکرێتەوە و عێراقیش پابەندە بە وادەکەوە.
لە هەرێمیش
رووبەڕی چێنراو بە مین زۆرە و بەپێی ئاماری دەزگای مین، لەکۆی ٧٧٦ کیلۆمەتر دووجا رووبەری مینرێژکراو و
تەقەمەنی، ٥٢٠ کیلۆمەتر دووجای پاککراوەتەوە. هاوکات، ئەو کێڵگە مینیانەی ماون، لە
شوێنی سەخت و بەرز و ناوچەی سنوورین و تێچووی زۆریان پێویستە بۆ پاککردنەوە.
زۆری رێژەی رووبەری
چێنراو بە مین لە عێراق و هەرێم و بەتایبەت ناوچە سنوورییەکان، دەگەڕێتەوە بۆ ماوەی
شەڕی هەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێران، کە بەهۆیەوە لەو ساڵانەدا چەندین ناوچە مینڕێژ
کران و تاوەکو ئێستاش بە تەواوەتی نەتوانراوە پاکبکرێنەوە. لە هەرێمیش ساڵانە چەندین
رووداوی بەرکەوتن بە مینی روودەدەن، کە دەبنە هۆی گیانلەدەستدان یان کەمئەندامبوونی
کەسی بەرکەوتوو. زۆرجاریش ئاژەڵانی هاوڵاتییانی دانیشتووی ئەو ناوچانە، مینیان پێدا
دەتەقێتەوە.