سەردێڕ:

دەزگای کاروباری مین: زۆرترین مینی چێنراو لە هەرێم دەکەوێتە شارباژێڕ و پێنجوێنەوە

AM:09:26:04/04/2024

2188 جار خوێندراوەتەوە

جێگری سەرۆکی دەزگای گشتی کاروباری مین لە هەرێم لە رۆژی جیهانی هۆشیاری میندا بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ٣٦ جۆر مینی چێنراو لە هەرێمدا هەن. دەشڵێت، "زۆرترین مینی چێنراو لە هەرێم دەکەوێتە شارباژێڕ و پێنجوێنەوە". داواش لە هاوڵاتییان دەکات، لەو ناوچانەی گومانلێکراون خۆیان بپارێزن.


نیاز خالیدی، جێگری سەرۆکی دەزگای گشتی کاروباری مین بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، گرفتی مین لە هەرێم گرفتێکی گەورەیە و لە رابردوودا دوژمنانی کورد بە شێوەیەکی چڕ هەرێمیان مینڕێژ کردووە.

وتیشی، لەکۆی ٧٧٦ کیلۆمەتر دووجا رووبەری پیس بە مین و تەقەمەنی لە هەرێم، ٥٢٠ کیلۆمەتر دووجای پاککراوەتەوە. ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو کێڵگە مینیانەی ماون، لە شوێنی سەخت و بەرز و ناوچەی سنوورین و تێچووی زۆریان پێویستە بۆ پاککردنەوە.

ئەوەشی خستە روو، زیاتر لە ٣٦ جۆری مینی چێنراو لە هەرێمدا هەن، کە لە رابردوودا وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا و چین و ئیسرائیل مینیان بە حکومەتی ئەوکاتی عێراق فرۆشتووە و جگە لەوانەش هەریەک لە ئێران و عێراقیش مینیان لە ناوچەکانی سەر بە هەرێم چاندووە.

جێگری سەرۆکی دەزگای مین باسی لەوەش کرد، بە ریزبەندی ئەو ناوچانەی کە رێژەی مینیان زۆرە بەم جۆرەن: "شارباژێڕ، پێنجوێن، سۆران، چۆمان، خانەقین، دەربەندیخان، پشدەر، ئامێدی و زاخۆ".

داواش لە هاوڵاتییان دەکات، خۆیان بپارێزن لەو ناوچانەی کە گوماناوین و پابەندی رێنماییەکانی دەزگای گشتی کاروباری مین بن.

ئەوەش لە کاتێکدایە، زۆری رێژەی رووبەری مینی چێنراو لە هەرێم و بەتایبەت ناوچە سنوورییەکان، دەگەڕێتەوە بۆ ماوەی شەڕی هەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێران، کە بەهۆیەوە لەو ساڵانەدا چەندین ناوچەی هەرێم مینڕێژ کران و تاوەکو ئێستاش بە تەواوەتی نەتوانراوە پاکبکرێنەوە و ساڵانەش چەندین رووداوی بەرکەوتن بە مینی لێدەکەوێتەوە، کە دەبنە هۆی گیانلەدەستدان یان کەمئەندامبوونی کەسی بەرکەوتوو. زۆرجاریش ئاژەڵانی هاوڵاتییانی دانیشتووی ئەو ناوچانە، مینیان پێدا دەتەقێتەوە.













گەلەری