بەهۆی شەپۆلی بارانبارینی بەخوڕ و لافاوەوە کە ناوەڕاستی چینی گرتووەتەوە، لەماوەی کەمتر لە ٣٠ رۆژدا ژمارەی گیانلەدەستدان گەیشتووەتە ٥٠ کەس و ١٥ کەسی دیکە بێسەروشوێنن.
میدیا جیهانییەکان بڵاویانکردەوە، شەپۆلێکی بارانبارین لە کۆتاییەکانی مانگی حەوتەوە رووی لە چین کردووە و دوێنێ چڕی شەپۆلەکە بە جۆرێک زیادیکردووە، بەهۆیەوە زریانێکی بەهێز شاری زیکسینگی لە پارێزگای هونانی ناوەڕاستی چین گرتووەتەوە.
بەهۆی زریان و لافاوەوە
لەماوەی نزیکی ٣٠ رۆژدا ١٢٨ هەزار کەس بێماڵ و شوێنی مانەوە ماونەتەوە و ١١ هەزار
و ٨٦٩ خانوو و باڵەخانەش رووخاون.
لەلایەکی دیکەوە هەر بەهۆی
زریان و لافاوەوە چەندین شەقام زیانیان بەرکەوتووە و سیستمی وزەی بەشێکی لادێکانیش
زیانی بەرکەوتووە و تێکچووە و حکومەت رۆژانە بەشێوەیەکی خێرا سەرقاڵی چاککردنەوەیانە.
جگە لەوەی پردی رێگایەکی خێرا لە پارێزگای شانخی رووخا و بەهۆیەوە ٣٨ کەس گیانیان
لەدەستدا.
لە کۆتاییەکانی مانگی
رابردووشدا و هەر بەهۆی شەپۆلی بارانبارینەکەوە، ٣٠٠ هەزار کەس ماڵ و حاڵەکانیان چۆڵ
کرد و دەسەڵاتدارانی وڵاتەکە گواستنەوەی گشتییان لە سەرانسەری چیندا راگرت.
بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە
لە ئێستادا گۆڕانکاری زۆر لە کەشوهەوای جیهاندا روویداوە، بەجۆرێک ئەو وڵاتانەی بەشێوەیەکی
گشتی کەشوهەوایان گەرمە رووبەڕووی زریان و باران و بەفرێکی سەخت بوونەتەوە و ئەو وڵاتانەشی
کەشوهەوا بەشێوەیەکی گشتی ساردە، رووبەڕووی گەرما بوونەتەوە، جگە لەوەی لەم وەرزی
هاوینەدا شەپۆلی بارانبارینی بەهێز و زریان و لافاو بەرۆکی چەندین وڵاتی گرتووە و
بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی سەدان کەس. لەلایەکی دیکەشەوە شەپۆلی گەرما یەخەی چەند
وڵاتێک بەر نادات و ئەوەش بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی دەیان کەس.
چین بەهۆی گەورەیی وەبەرهێنان
و توانای ئابوورییەوە، یەکێکە لەو وڵاتانەی کە بە رێژەیەکی زۆر بەشدارە لە دەردانی
ئەو گازانەی زیاتر هاوکار دەبن لە گۆڕانی کەشوهەوادا.