سەردێڕ:

رۆژێک پشوو لە هەفتەی داهاتوو راگەیەنرا

AM:11:26:20/08/2024

101736 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، بەبۆنەی چلەی ئیمام حوسێنەوە یەکشەممەی داهاتوو لە سەرتاسەری وڵاتدا پشووی فەرمییە.


ئەمڕۆ سێشەممە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، بەبۆنەی چلەی ئیمام حوسێنەوە یەکشەممەی داهاتوو ٢٥ـی ٨ لە سەرتاسەری وڵاتدا پشووی فەرمییە.
پێشتریش، پارێزگاری بەسڕە رایگەیاند، بەهۆی هاتنی زیارەتکارانی چلەی ئیمام حسێنەوە، چوارشەممە و پێنجشەممەی ئەم هەفتەیە و یەکشەممەی هەفتەی داهاتوو، لە سنووری پارێزگاکە پشووی فەرمی دەبێت.

ئەوەش لە کاتێکدایە، ئەوس ئیبراهیم ئەندامی لیژنەی سەردانیکەرانی چلەی ئیمام حسێن رایگەیاند، بۆ مەراسیمی چلەی ئیمام حسێن، لە پێنج وڵاتی جیاوازەوە سەردانیکەران لە دەروازەی مەنزەرییەی رۆژهەڵاتی عێراقەوە هاتوونەتە وڵاتەکە.

ئاماژەی بەوەش کرد، رێژەی زۆری ئەو سەردانیکەرانە لە وڵاتی ئێرانەوە هاتوون.

باسی لەوەشکرد، لە ماوەی کەمتر لە ٢٤ کاتژمێردا زیاتر لە ٧٠ هەزار سەردانیکەر هاتوونەتە ناو خاکی عێراقەوە بەمەبەستی بەشداریکردن لە مەراسیمی چلەی ئیمام حسێن.

ئەوەش لە کاتێکدایە، رۆژی هەینی، محەمەد جەمیل پارێزگاری واست رایگەیاند، تەنها لە رۆژی هەینیدا نزیکەی ٢٥٠ هەزار سەردانیکەر لە دەروازەی زوباتییە لە سنووری نێوان واست و ئیلام هاتوونەتە ناو خاکی عێراقەوە.















گەلەری