سەرۆکی ئۆکرانیا رایگەیاند، سوپای وڵاتەکەی دەستی بەسەر زیاتر لە هەزار و ٢٥٠ کلیۆمەتر چوارگۆشەی خاکی روسیادا گرتووە و چوونەتە نێو ٩٢ ناوچەی هەرێمی کۆرسکی روسیا.
ئەمڕۆ دووشەممە، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا لە وتارێکدا لەبەردەم باڵیۆزەکانی ئۆکرانیادا باسی لەوە کرد، سوپاکەیان دەستی بەسەر زیاتر لە هەزار و ٢٥٠ کلیۆمەتر چوارگۆشەی خاکی روسیادا گرتووە و چوونەتە نێو ٩٢ ناوچەی هەرێمی کۆرسکی روسیا.
ئاماژەی بەوەش کرد، بەردەوامن لە بەدیهێنانی ئامانجەکانیان لە خاکی
روسیادا و بەردەوام دەبن.
لێدوانەکانی زیلینسکی لە دوای ئەوە هات لە ٦ـی ٨ـی ئەمساڵەوە
ئۆکرانیا دەستی بە هێرشی پێچەوانە کرد و وتەبێژی وەزارەتی
دەرەوەی ئۆکرانیا رایگەیاند، هەتا ئەوکاتەی رووسیا بە ئاگربەست قایل دەکەن، هێرشەکانیان
بۆ ناو خاکی رووسیا بەردەوام دەبێت.
ئۆکرانیا دەیەوێت
پێشڕەوییەکانى سوپاى وڵاتەکەى لە ناو خاکى روسیا بۆ ناچارکردنى ئەو وڵاتە بە گفتوگۆ
و دانوستان بەکاربهێنێت و پێشنیازى راگرتنى هێرشەکان لە بەرابەر ئامادەبوونى مۆسکۆ
بۆ ئاشتى راستەقینە دەکات، وەزارەتى دەرەوەى روسیا وەڵامى پێشنیازەکە ناداتەوە و دەڵێت،
هێرشەکانى ئۆکرانیایان راگرتووە و پێشڕەوییەکان کاتیین.
ئەوەش لەکاتێکدایە، لە شوباتی ٢٠٢٢ـدا و بە
فەرمانی ڤلادیمێر پوتنی سەرۆکی رووسیا، سوپای ئەو وڵاتە هێرشی بۆ سەر خاکی
ئۆکرانیا دەستپێکرد، لەوکاتەشەوە تا ئێستا جەنگەکە بەردەوامی هەیە و دەیان هەزار
کەس لە هەردوو لە گیانیان لەدەست داوە و زیانێکی زۆریش بەر ژێرخانی ئابووری هەردوو
وڵات کەوتووە.