سەردێڕ:

لەندەن گرانترین پایتەختە لە جیهاندا

AM:08:47:19/08/2024

2796 جار خوێندراوەتەوە

ئاژانسی نۆڤستی راپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە لەبارەی گرانترین پایتەختەکانی جیهان و لە راپۆرتەکەدا لەندەن پلەی یەکەمی گرتووە.


لەندەنی پایتەختی بەریتانیا و گەورەترین شاری ئینگلاند و شانشینی یەکگرتوو؛ لە پێشەنگی ئەو پایتەختانەدایە کە گرانترین نرخی کرێی شوقەیان هەیە.

بەپێی داتاکانی ئاژانسی نۆڤستی کە لە راپۆرتێکدا هاتووە، لە مانگی ئابدا، زۆرترین پارە کە بۆ کرێی شوقەیەکی یەک ژووری نوستنی درابێت لە لەندەنە، کە ٢.٨ هەزار دۆلار لە ناوەندی شار و ٢.١ هەزار دۆلار بووە بۆ شوقەیەک لە دەوروبەری شار.

بەپێی راپۆرتەکە، واشنتنی پایتەختی ئەمریکا لە پلەی دووەمدایە، بەو پێیەی هەمان شوێنی نیشتەجێبوون لە ناوەندی شارەکەدا ٢.٥ هەزار دۆلاری تێدەچێت، لە دەرەوەی شار دوو هەزار دۆلارە. لە پلەی سێیەمدا دبلنی پایتەختی ئێرلەندا دێت، بە بڕی ٢.٢ هەزار دۆلار بۆ مانگێکی شوقەیەک لە ناوەندی شار و ١.٩ هەزار دۆلار بۆ دەرەوەی شار.

ئەمستردام لە هۆڵەندا و ریکیاڤیک لە ئایسلەندا لە پلەکانی پێنجەم و شەشەمدا دێن، کە کرێی مانگانەی شوقەی ناوشار نزیکەی ٢٠٠٠ دۆلارە و دەرەوەی شاریش ١.٨ هەزار دۆلارە.

مۆسکۆ لەنێو ئەو پایتەختانەی کە لە راپۆرتەکەدا هاتووە، پلەی ٣٣ی بەدەستهێناوە و تێکڕای کرێی شوقەکانی مانەوە تیایدا ٦٨٢ دۆلار بووە، بەپێی وتەی شرۆڤەکارانی کۆمپانیای "تسیانـ"ـی رووسی.

هەروەها دەرکەوتووە کە قاهیرە هەرزانترینە، تێچووی شوقەیەکی یەک ژوور لە ناوەندی شاردا ٢٠٩ دۆلارە، لە دەرەوەی شاریش ١٣٦ دۆلارە.













گەلەری