بە بەهای نزیکەی ٣٢ ملیار دۆلار، پایتەختێکی نوێ بۆ ئیندۆنیزیا بونیاد دەنرێت کە بڕیارە پشت بە وزەی پاک و نوێبووەوە ببەستێت و ببێتە ناوەندێکی ئابووری گەورە لە ناوچەکە، پایتەختە نوێیەکەش لە ناو دارستانێکی چڕی باراناوی هەڵکەوتووە و بەشێوەیەک دیزاین کراوە، رێگە لە دروستبوونی لافاو تیایدا بگیرێت.
رۆچوونی زەوی و قەرەباڵغی رادەبەدر وای کرد، ئیندۆنیزیا بیر لە گواستنەوەی پایتەختەکەی بکاتەوە و لە بری جاکارتا، شاری نوسانتارا دەبێتە پایتەختی نوێی ئەو وڵاتە کە زیاتر لە ١٧ هەزار دوورگەی لەخۆ گرتووە.
ئەم پایتەختە
نوێیە بە بەهای نزیکەی ٣٢ ملیار دۆلار دروست دەکرێت و دەکەوێتە رۆژهەڵاتی هەرێمی کالیمنتان
لە دوورگەی بۆرنیۆ، کە لەناو دارستانێکی چڕی باراناوی هەڵکەوتووە.
پێشبینی کراوە
لەگەڵ دەستبەکاربوونی پراوبۆو سۆبیانتۆ بە سەرۆکی نوێی ئیندۆنیزیا، مەرسومی گواستنەوەی
پایتەختی ئەو وڵاتە لە جاکارتاوە بۆ نوسانتارا دەربکرێت، کە بەڵێنی داوە بیکاتە
ناوەندێکی ئابووری جیهانیی.
بیرۆکەی گواستنەوەی
پایتەختی ئیندۆنیزیا لە شاری جاکارتاوە بۆ نوسانتارا کە لە ناوەڕاستی ٢٠٢٢ـەوە دەستی پێکردووە، دەگەڕێتەوە
بۆ زیادبوونی لە رادەبەدەری رێژەی دانیشتوان لە جاکارتا، کە گەیشتووەتە نزیکەی ٣٠ ملیۆن
کەس، ئەوەش وای کردووە ببێتە یەکێک لە قەرەباڵغترین شارەکانی جیهان و ژینگەیەکی پیسی هەبێت.
کێشەکانی
جاکارتا هەر ئەوەندە نەبوون، بەڵکوو، رۆژ
لەدوای رۆژ بەرەو رۆچوون دەچێت بەهۆی جۆری خاکەکەیەوە، کە بەوتەی شارەزایانی بواری
جیۆلۆجی، رەنگە تا ساڵی ٢٠٥٠ ژێر ئاو بکەوێت.
ئەوە لە کاتێکدایە،
نزیکەی نیوەی دانیشتوانی ئیندۆنیزیا کە ١٢٠ ملیۆن کەسە، لە دوورگەی جاوە نیشتەجێ بوون
کە شاری جاکارتا تیایدا هەڵکەوتووە.
یەکێک لە
ئامانجەکانی ئەو هەنگاوەش گۆڕانکاریی ریشەییە لە ئابووری وڵات، تا بچێتە ریزی وڵاتە
پێشکەوتووەکانەوە و وەبەرهێنی بیانی زیاتر بەلای خۆیدا رابکێشێت و تا ساڵی ٢٠٤٥ تێکڕای
داهات بگەیەنێتە ١٨٠ ملیار دۆلار.
هەرچۆنێک بێت،
دەسەڵاتدارانی ئیندۆنیزیا پلانیان هەیە لە ماوەی دوو دەیەی داهاتوودا نوسانتارا بکەنە
پایتەختێکی پێشکەوتوو کە پشت بە وزەی پاک و نوێبووەوە ببەستێت، پلانەکەش بونیادنانی
ژێرخانێکی سەرتاسەرییە کە ناوەندی بازرگانی گەورەی لە خۆ گرتووە، لەگەڵ یەکەی نیشتەجێبوون
و دامەزراوەی حکومی و هۆکارەکانی گواستنەوەی گشتی.
بەو پێیەش کە
دوورگەی بۆرنیۆ بە دابارینی بارانی زۆر بەناوبانگە، شارەکە بەشێوەیەک دیزاین کراوە
رێگە لە دروستبوونی لافاو تیایدا بگیرێت، بەڵام سەرەڕای
گرنگیدان بە وزەی نوێبووەوە، پڕۆژەکە رووبەڕووی رەخنەی چالاکوانانی ژینگەیی بووەوە
و پێیان وایە، لەناوبردنی دارستانەکان بۆ دروستکردنی شارێکی نوێ، پێچەوانەی بنەماکانی پاراستنی ژینگەیە.