وەزارەتی بەرگریی روسیا بڵاوی کردەوە، لە ماوەی هەفتەیەکدا سێ شارۆچکەیان لە دۆنتیسک داگیر کردووە و ١٤ هەزار و ٥٦٠ سەربازی ئۆکرانیاش گیانیان لەدەستداوە.
ئەمڕۆ هەینی، وەزارەتی بەرگریی روسیا بڵاوی کردەوە، لە رۆژی ١٠ تا ١٦ـی ئەم مانگە هێزەکانیان ١٧ هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی ئۆکرانیا و سێ شارۆچکەیان لە دۆنتیسک داگیر کردووە.
ئاماژە بەوەش کراوە، لە ماوەی ئەو هەفتەیەدا لەلایەن هێزەکانی روسیاوە ١٤ هەزار
و ٥٦٠ سەربازی ئۆکرانیا کوژراون و ٥٧ سەربازیش بە دیل گیراون.
ئەوەش خراوەتە روو، هەر لە ماوەی ئەو هەفتەیەدا ٢٦٤ تانک و زرێپۆش و ئۆتۆمبێلی
سەربازی تێکشکێنراون، هەروەها ٥٤٣ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان خراونەتە خوارەوە و سێ کەشتی
بێ کەشتیوانی ئۆکرانیاش لە دەریای رەشدا تێکشکێنراون.
ئەوەش لەکاتێکدایە، لە شوباتی ٢٠٢٢ـدا و بە فەرمانی ڤلادیمێر پوتنی سەرۆکی
رووسیا، سوپای ئەو وڵاتە هێرشی بۆ سەر خاکی ئۆکرانیا دەستپێکرد، لەوکاتەشەوە تا ئێستا
جەنگەکە بەردەوامی هەیە و دەیان هەزار کەس لە هەردوو لە گیانیان لەدەست داوە و زیانێکی
زۆریش بەر ژێرخانی ئابووری هەردوو وڵات کەوتووە.