سەردێڕ:

ئەفریقا؛ زیاتر لە ٥٠ کەس بەهۆی لافاوەوە گیانیان لەدەستدا

PM:05:25:15/08/2024

596 جار خوێندراوەتەوە

میدیا جیهانییەکان بڵاویان کردەوە، لە ئەنجامی بارانبارینی بەخوڕ و دروستبوونی لافاو لە وڵاتێکی رۆژئاوای ئەفریقا، زیاتر لە ٥٠ کەس گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەک کەسی دیکەش بێسەروشوێن بوون.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، میدیا جیهانییەکان بڵاویان کردەوە، لە ئەنجامی ئەو بارانە بەخوڕەی لە ماوەی ١٢ و ١٣ـی ئەم مانگەدا رۆژئاوای نەیجەری لە رۆژئاوای ئەفریقا گرتەوە، لەگەڵ دروستبوونی لافاو ئاستی ئاو بەشێوەیەکی بەرچاو بەرز بووەوە و زیانی گیانی و ماددی لێکەوتەوە.

ئاماژە بەوەش کراوە، بەپێی ئامارەکان، تا ئێستا زیاتر لە ٥٠ کەس گیانیان لەدەستداوە کە ژمارەیەکیان دانیشتووی نەیجیریا بوون.

باس لەوەش کراوە، جگە لەوانەی گیانیان لەدەستداوە، ژمارەیەک کەسی دیکەش بێسەروشوێن بوون، تیمەکانی فریاگوزاری بە هاوکاری ئەندامانی پاسەوانی نیشتیمانی بەردەوامن لە گەڕان بەشوێن ئەو کەسانەدا و دەرهێنانی تەرمەکان.

ئەوەش خراوەتە روو، هەر بەهۆی لافاو و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو لە ناوچەکەدا، دوو ئۆتۆمبێل ژێرئاو کەوتوون، ئەوەش جگە لە چەندین زیانی دیکەی ماددی کە بەر خانووەکان کەوتووە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، ساڵانە لە مانگی حوزەیران تاوەکو ئەیلول، بارانبارینی پچڕ پچڕ لە ناوچەکانی نەیجەر بەردەوامی هەیە، زۆرجار بەهۆیەوە لافاو دروست دەبێت و زیان بە گیان و ماڵی دانیشتوانی ناوچەکە دەگات، لە ساڵی ٢٠٢٢ـشدا هەر بە هەمان هۆکار ١٩٥ کەس گیانیان لەدەستدا و ٤٠٠ هەزار کەسیش ئاوارە بوون.














گەلەری