سەردێڕ:

ئۆکرانیا: تا رووسیا بە ئاگربەست قایل نەکەین هێرشەکانمان بەردەوام دەبێت

AM:09:37:15/08/2024

2716 جار خوێندراوەتەوە

دوای ئەوەی لە هەفتەی رابردوودا ئۆکرانیا ئاڕاستەی جەنگی لە بەرگرییەوە بۆ هێرشبردن گۆڕی و هێرشی کردە سەر هەرێمی کوسک، سوپای ئەو وڵاتە رایگەیاند، پێشڕەوییەکانیان لەناو خاکی رووسیادا بە ئاڕاستەی چەندین ناوچەی جیاواز بەردەوامی هەیە، زیلینسکیش دەڵێت، "لە هێرشەکاندا ١٠٠ سەربازی رووسیامان بە بارمتە گرتووە".


ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا رایگەیاند، پێشڕەوییەکانیان بۆ ناو خاکی رووسیا بەردەوامی هەیە و لە بەرەبەیانی دوێنێ چوارشەممەوە، سوپای وڵاتەکەیان بە قوڵایی دوو کیلۆمەتر چووەتە ناو خاکی رووسیاوە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، سوپای وڵاتەکەی لە پێشڕەوییەکانیان بەردەوام دەبن، لە سەرەتای دەستپێکردنی پڕۆسەی هێرشی پێچەوانەشەوە بۆ سەر خاکی رووسیا، توانیویانە ١٠٠ سەربازی ئەو وڵاتە بە بارمتە بگرن.

لە بەرامبەریشدا، سوپای رووسیا باس لەوە دەکات، هێرشەکانی ئۆکرانیایان راگرتووە و دوو هەزار سەربازی ئەو وڵاتەیان کوشتووە، ئەوەش جگە لەوەی دەیان درۆنی ئۆکرانیاشیان تێک شکاندووە.

هاوکات، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئۆکرانیا رایگەیاند، هەتا ئەوکاتەی رووسیا بە ئاگربەست قایل دەکەن، هێرشەکانیان بۆ ناو خاکی رووسیا بەردەوام دەبێت.

ئۆکرانیا دەیەوێت پێشڕەوییەکانى سوپاى وڵاتەکەى لە ناو خاکى روسیا بۆ ناچارکردنى ئەو وڵاتە بە گفتوگۆ و دانوستان بەکاربهێنێت و پێشنیازى راگرتنى هێرشەکان لە بەرابەر ئامادەبوونى مۆسکۆ بۆ ئاشتى راستەقینە دەکات، وەزارەتى دەرەوەى روسیا وەڵامى پێشنیازەکە ناداتەوە و دەڵێت، هێرشەکانى ئۆکرانیایان راگرتووە و پێشڕەوییەکان کاتیین.

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە شوباتی ٢٠٢٢ـدا و بە فەرمانی ڤلادیمێر پوتنی سەرۆکی رووسیا، سوپای ئەو وڵاتە هێرشی بۆ سەر خاکی ئۆکرانیا دەستپێکرد، لەوکاتەشەوە تا ئێستا جەنگەکە بەردەوامی هەیە و دەیان هەزار کەس لە هەردوو لا گیانیان لەدەست داوە و زیانێکی زۆریش بەر ژێرخانی ئابووری هەردوو وڵات کەوتووە.













گەلەری