وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی میسر رایگەیاند، لەبارەی بارودۆخی سودان و هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ پێکهێنانی ئاگربەست و کارکردن لەسەر گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بە دانیشتوانی سودان هەریەکە لە وەزیرانی دەرەوەی میسر و سعودیە و ئیماڕات و تورکیا پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامدا.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەحمەد ئەبوزەید وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی میسر رایگەیاند، هەریەکە لە وەزیرانی دەرەوەی میسر و سعودیە و ئیماڕات و تورکیا پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامداوە لەبارەی چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی گرژییەکانی سودان.
ئاماژەی بەوەش کرد، لە پەیوەندییەکەدا دەست
خراوەتە سەر بارودۆخی سودان و هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ پێکهێنانی ئاگربەست و
کارکردن لەسەر گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بە دانیشتوانی سودان.
باسی لەوەش کرد، جگە لە سودان، لە پەیوەندییەکەدا
دۆخی غەززە گفتوگۆی لەسەر کرا و هەوڵدان بۆ پێکهێنانی ئاگربەست.
ئەمەش لە کاتێکدایە، لە ١٤ـی نیسانی ساڵی ٢٠٢٣ـەوە جەنگ لەنێوان سوپای سودان و هێزەکانی پاڵپشتی
خێرا بەهۆی هەوڵەکان بۆ یەکخستنی هێزە ئەمنییەکان و دامەزراندنی هێزی پاڵپشتی خێرا
وەک بەشێك لە سوپا دەستی پێکردووە و بەهۆیەوە هەزاران خێزانی سودانی ئاوارە بوون و
هەزاران سودانی گیانیان لەدەستداوە و بریندار بوون.
لەلایەکی دیکەوە جەنگی نەتەوەیش لە سودانی سەری هەڵداوە، ئەو وڵاتە ٤٥٠ ملیۆن
کەسی تێدا دەژی کە دابەش بوون بەسەر ٥٦ نەتەوەدا جیاواز و ٥٧٠ تیرەی جیاواز پێکدەهێنن
و هەریەک لەو نەتەوە و تیرە جیاوازانەش پاڵپشتی لایەنێکی جیاواز دەکەن و بووتەنە هۆی
هەڵگیرسانی شەڕێ نەتەوەیی.
هاوکات، ماوەی زیاتر لە نۆ مانگە جەنگی حەماس و
ئیسرائیل بەردەوامی هەیە و دوایین ئاماری قوربانیانی جەنگی غەززەش ئاشکرای کردووە،
تا ئێستا نزیکەی ٤٠ هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ٩٥ هەزار کەسی دیکەش
بریندار بوون، لە ئیسرائیلیش هەزار و ١٣٩ کەس گیانیان لەدەستداوە و هەشت هەزار و
٧٣٠ کەسیش بریندار بوون.