ئۆکرانیا دەیەوێت پێشڕەوییەکانى سوپاى وڵاتەکەى لە ناو خاکى روسیا بۆ ناچارکردنى ئەو وڵاتە بە گفتوگۆ و دانوستان بەکاربهێنێت و پێشنیازى راگرتنى هێرشەکان لە بەرابەر ئامادەبوونى مۆسکۆ بۆ ئاشتى راستەقینە دەکات، وەزارەتى دەرەوەى روسیا وەڵامى پێشنیازەکە ناداتەوە و دەڵێت، هێرشەکانى ئۆکرانیایان راگرتووە و پێشڕەوییەکان کاتیین.
دوای ئەوەی ئۆکرانیا هێزەکانی بردە ناو خاکی روسیا و کۆشکی کرملنی تا ئەوپەڕی توڕەیی برد، لە ئێستادا داوای رێککەوتن لە مۆسکۆ دەکات و دەڵێت، ئامادەن پێشڕەوییەکانیان رابگرن، ئەگەر بێت و روسیا ئامادە بێت بۆ گفتوگۆ و راگەیاندنى ئاشتى راستەقینە.
ئەمەش لەدواى ئەوەهات
کە رۆژى شەشى ئەم مانگە، سوپاى ئۆکرانیا بۆ یەکەمجار و لە دواى زیاتر لە دوو ساڵ لە
بەرگرى، هاوکێشەی جەنگەکەی هەڵگێڕایەوە و پێشڕەویی بۆ ناو خاکی روسیا کرد و نزیکەی هەزار کیلۆمەتر چوار گۆشەى لە سنورى
شارى کورسک کۆنتڕۆڵ کرد، ئەوەش بە یەکەم داگیرکردنى خاکى ئەو وڵاتە لەدواى جەنگى
دووەمى جیهانى دادەنرێت.
لاى خۆیەوە یۆرى
تیخیا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئۆکرانیا رایگەیاند، ئەگەر مۆکسۆ بیەوێت گفتوگۆ و
دانوستان بکات، ئەوا هێرش و پێشڕەوییەکانیان لە ناو خاکى ئەو وڵاتە رادەگرن.
لە بەرامبەریشدا
بەرپرسانى روسیا وەک ئەوەی بیانەوێت خۆیان لە پێشڕەوییەکانى سوپاى ئۆکرانیا کەم بکەنەوە،
بێدەنگییان لە بەرامبەر پێشنیازەکەی کیێڤ هەڵبژاردووە و تائێستا وەڵامێکى ئەوتۆیان
نەداوەتەوە.
سەبارەت بە هێرشەکانى
ئۆکرانیاش بۆسەر خاکى روسیا، وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە بڵاویکردەوە، پێشڕەوییەکانى
ئۆکرانیایان راگرتووە و لە رێگەى درۆن و هێزى ئاسمانى هێرشیان کردووەتە سەر ئەو هێزانەى
کە لە سنور پەڕیونەتەوە و زیانى زۆریان پێگەیاندوون.
ئاماژەی بەوەشکردووە،
لەشکرکێشی کیێڤ کاتییە و ناتوانێت بەردەوامیبە
پێشڕەوییەکانی بدات، دەشڵێت، لەدواى یەکخستنەوی هێزەکانیان سەرجەم ئەو ناوچانە کۆنتڕۆڵ دەکەنەوە کە لەلایەن ئۆکرانیاوە
دەستی بەسەردا گیراوە.