سەردێڕ:

ئۆکرانیا: دەستمان بەسەر هەزار کیلۆمەتر لە خاکی روسیادا گرتووە

PM:11:27:12/08/2024

3388 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی سوپای ئۆکرانیا رایگەیاند، دەستیان بەسەر هەزار کیلۆمەتر لە خاکی هەرێمی کۆرسکی روسیدا گرتووە و سەرۆکی ئۆکرانیاش دەڵێت، بەردەوام دەبن لە هێرشەکانیان.


ئەمڕۆ دووشەممە، ئەلکساندەر سیرسکی سەرۆکی سوپای ئۆکرانیا رایگەیاند، هێزەکانی وڵاتەکەی دەستیان بەسەر هەزار کیلۆمەتر لە خاکی روسیادا گرتووە و ئەلێکسی سمیرنوف حاکمی هەرێمی کۆرسک ئاماژەی بەوە کردووە سوپای ئۆکرانیا دەستی بەسەر ٢٨ ناوجەی هەرێمەکەدا گرتووە.

جەنگی ئۆکرانیا و روسیا چووەتە قۆناغێکى نوێوە و دوای دوو ساڵ لە بەرگریکردن سوپای ئۆکرانیا هاوکێشەی جەنگەکە پێچەوانە کردەوە و بۆ یەکەمجار سوپاکەی هێزەکانی بردە ناو خاکی ڕوسیاوە و کیێڤ دەڵێت لەماوەى هەفتەیەکدا خەریکە دووەم گەورە شارى روسیا کۆنترۆڵ دەکەن.

لە نوێترین پێشهاتدا ڕوسیا لە ناوچەی بەڵگەرۆد دەستی بە کشانەوە کردوە و سوپای ئۆکرانیاش ڕایگەیاند، چونەتە ناو شارەکەوە، کە دەکەوێتە باشورى رۆژئاوای وڵاتەکەوە لە نزیک سنوری ئۆکرانیا، پارێزگاری بەڵگەرۆد ڕایگەیاند، سوپای ئۆکرانیا لە ناوچەی کرانسۆ یاروژسکی پێشڕەویان کردوە.

پارێزگاری بەڵگۆرۆد ئاماژەی بەوەشکرد، لەپێناو پاراستنی گیانی هاوڵاتیان فەرمانیان کردوە بە چۆڵکردنی چەند ناوچەیەک لەو شارە و بەپێی سەرژمێرییەکانیشیانان لەو ناوچەیە ١٤ هەزار کەس دەژین.

پێشڕەوییەکانی ئۆکرانیا لە ٦ـی ئەم مانگەوە دەستیپێکرد بۆسەر هەرێمی کۆرسکی روسیا و سوپای ئۆکرانیان رایگەیاند، لە هێرشێکی لەناکاودا گورزێکی کەمەرشكێنیان لە بەرگری سوپای ڕوسیا داوە و هێزەکانیان بۆ یەکەمجار بردوەتە ناو خاکی ڕوسیا و چوونەتە ناو خاکی ئەو وڵاتەوە و زۆربەى شاری کورسکی ستراتیژییان کۆنتڕۆڵ کردووە.

ئاماژە بەوەشکراوە، ئامانجیانە فشاری سەر هێزەکانیان کەمبکەنەوە، مۆسکۆش دەڵێت، بەرپەرچی لەشرکێشییەکەی ئۆکرانیایان داوەتەوە و بە زوترین کات لە خاکی وڵاتەکە وەدەریان دەنێن و سەبارەت بە بۆردومانکردنى وێستگەی ئەتۆمی زاپۆرۆژی لە باکوری ئۆکرانیا کە لە ئێستادا لە ژێر دەستی ڕوسیادایە، هەردوو وڵات یەکتر تۆمەتبار دەکەن بە ئەنجامدانی هێرشەکە.

داگیرکردنی چەند ناوچەیەکی ڕوسیا لەلایەن ئۆکرانیاوە لە کاتێکدایە، لە دوای داگیرکردنی خاکی روسیاوە لە ئۆپەراسیۆنی باربارۆسا لەلایەن ئەڵمانیاوە لە ساڵی ١٩٤١، ئەمە یەکەم جارە کە خاکی ڕوسیا لەلایەن سەربازی بیانییەوە داگیر بکرێتەوە.













گەلەری