ئاوی برنج دەکرێت وەک خواردن بدرێتە منداڵ بە جۆرێک، لەکاتی لێنانیدا وەک شۆربا بۆ منداڵ، بە ئاوی برنجە شۆراوەکە لێی بنێ.
هاوکات، دەتوانرێت بۆ سپیکردنەوەی پێستیش بەکاربهێنرێت، سەرەتا ئاوەکە وشک دەکرێتەوە تاوەکو کەمێکی وەک تۆز لێدەمێنێتەوە دواتر دەتوانرێت ئەو تۆزە لەگەڵ زەیتی گوێزی هندیدا تێکەڵ بکرێت و بدرێت لە پێست، هەم سوودی پێدەگەیەنێت و شێدار و بریقەداری دەکات، هەم ماددەی خۆراکی تێدایە و پێست روونتر دەکاتەوە.
ئاوی برنج بۆ قژیش سوودێکی لەبن نەهاتووی هەیە و دەتوانیت ئاوی برنجەکە بدەیت لە بێخی سەر و سەرتاڵەکانی قژ و دواتر تەنها بە ئاوی بیشۆیتەوە، خۆ ئەگەر هەمان ئاو لەگەڵ کەمێک ئالۆڤێرا و یەک کەوچک زەیتی گەرچەکدا تێکەڵاو بکەیت ئەوا سوودەکەی دووهێندە دەبێت.
بەدەر لەو سوودە تەندروستییانەی؛ دەکرێت ئاوی برنج بەهۆی ئەو نیشاستەیەی تێیدایە بۆ ئەو جلانە بەکاربهێنیت کە لە لۆکە دروست کراون، تەنیا جلەکان بخەرە ناو ئاوە برنجەکەوە و بهێڵە وشک ببێتەوە و بەوەش قوماشەکە نەرم دەکاتەوە، هەروەها بۆ پاکردنەوەی کەلوپەلەکانی ناو ماڵ دەتوانیت ئاوی برنج و سۆدەی نان و خوێ بەکاربهێنیت و بیکەیتە بتڵێکی سپراوە و رووەکانی پێ پاك بکەیتەوە.