سەردێڕ:

بەهۆی بۆردوومانکردنی خوێندنگەیەکی غەززە کە ئاوارەی تێدا بوو؛ ١٠٠ کەس گیانیان لەدەستدا

PM:07:07:10/08/2024

1248 جار خوێندراوەتەوە

میدیاکانی فەڵەستین بڵاویان کردەوە، لە ئەنجامى بۆردوومانێک بۆسەر خوێندنگەیەکى تایبەت بە شوێنى مانەوەى ئاوارەکان لە خۆرهەڵاتى غەززە زیاتر لە ١٠٠ کەس گیانیان لەدەستدا و دەیانى دیکەش بریندار بوون.


ئەمڕۆ شەممە، میدیاکانى فەڵەستین بڵاویان کردەوە، فڕۆکەکانى ئیسرائیل شوێنى نوێژکردنى ئاوارەکانیان لە خوێندنگەیەک لە گەڕەکى دەرەج لە خۆرهەڵاتى غەززە لەکاتى نوێژى بەیانییدا بۆردوومان کردووە.

ئاماژە بەوەش کراوە، فڕۆکەکان سێ جار شوێنەکەیان بۆردوومان کردووە و بەهۆیەوە زیاتر لە ١٠٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و دەیانى دیکەش بریندار بوون.

لەبەرامبەردا سوپاى ئیسرائیل بڵاوی کردەوە، چەکدارەکانى حەماس شوێنى مانەوەى ئاوارەکانیان لەو خوێندنگەیە بۆ خۆحەشاردان بەکارهێناوە، ئەوانیش بەپێى زانیارى هەواڵگرى شوێنەکەیان بۆردوومان کردووە.

لایخۆشییەوە، دەزگای فریاگوزاری و کاروباری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەرانی فەڵەستین (ئۆنروا) رایگەیاند، بەهۆی بۆردوومانکردنی خوێندنگەیەک لە رۆژهەڵاتی غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە، دەیان فەڵەستینی گیانیان لەدەستدا کە منداڵ و پیریان تێدا بووە. وتیشی، پێویستە ئەم کارە دڕندانە کۆتایی پێبهێنرێت و چیتر خوێندنگا و دامەزراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ژێرخانی مەدەنی نەکرێنە ئامانج.

ئەوەش لەکاتێکدایە، ماوەی زیاتر لە نۆ مانگە جەنگی حەماس و ئیسرائیل بەردەوامی هەیە و دوایین ئاماری قوربانیانی جەنگی غەززەش ئاشکرای کردووە، تا ئێستا نزیکەی ٤٠ هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ٩١ هەزار کەسی دیکەش بریندار بوون، لە ئیسرائیلیش هەزار و ١٣٩ کەس گیانیان لەدەستداوە و هەشت هەزار و ٧٣٠ کەسیش بریندار بوون.













گەلەری