سەردێڕ:

بۆ راوێژ لەگەڵ ئەمریکا لەبارەی ئاگربەستەوە؛ حکومەتی سودان شاندێک دەنێرێتە سعودیە

PM:02:15:09/08/2024

920 جار خوێندراوەتەوە

حکومەتی سودان رایگەیاند، بڕیاریانداوە بە ناردنی شاندێک بۆ شاری جدە لە سعودیە بەمەبەستی راوێژ لەگەڵ ئەمریکا لەبارەی دانوستانەکانی ١٤ـی ئابەوە کە لە جنێف بە ئامادەبوونی هێزەکانی پشتیوانی خێرا و سوپای سودان ئەنجامدەدرێت بۆ پێکهێنانی ئاگربەست.


ئەمڕۆ هەینی، حکومەتی سودان رایگەیاند، بەمەبەستی بەشداریکردن لە دانوستانەکانی رۆژی ١٤ـی بۆ پێکهێنانی ئاگربەست لە شەڕی ١٥ مانگەی ناوخۆی سودان، راوێژ لەگەڵ ئەمریکا دەکەن.

ئاماژەی بەوەش کرد، بۆ راوێژکردن لەگەڵ ئەمریکا لەبارەی دانوستانەکانەوە شاندێک دەنێرن بۆ شاری جدە لە سعودیە.

بڕیارەی رۆژی ١٤ـی ئاب لە شاری جنێف لە سویسرا دانوستان لەنێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا ئەنجام بدرێت بۆ پێکهێنانی ئاگربەست و کۆتایی هێنان بە شەڕی ناوخۆی ١٥ مانگەی نێوانیان.

دانوستانەکانی جنێف یەکەم هەوڵی گەورە دەبێت بۆ نێوەندگیری نێوان هێزەکانی پشتیوانی خێرا و سوپای سودان بەوپێیەی هەردولا رێککەوتوون لەسەر ئەوەی بەشداری دانوستانەکە بکەن.

هاوکات، ئەمریکا بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ رازیکردنی عەبدولفەتاح بورهان فەرماندەی سوپای سودان، بۆ دانوستان لەگەڵ هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە جنێڤ سەبارەت بە ئاگربەست و هاتنە ناوەوەی یارمەتییە مرۆییەکان.

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە مانگی نیسانی ساڵی ٢٠٢٣ـوە شەڕی نێوان سوپای سودان بە سەرۆکایەتی عەبدولفەتاح بورهان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا بە سەرۆکایەتی محەمەد حەمدان دەگەڵۆ سەریهەڵداوە و بەپێی وتەی نێردەی ئەمریکا لە سودان شەڕەکە بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی ١٥٠ هەزار کەس، هەروەها بەپێی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان ١٠ ملیۆن کەس ئاوارەی ناوخۆ و دەرەوەی سودان بوون و نزیکەی ٢٥ ملیۆن و ٦٠٠ هەزار کەسیش رووبەڕووی برسێتی دەبنەوە.













گەلەری