سەردێڕ:

روسیا: زیاتر لە ١٠٠ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکرانیامان تێکشکاندووە

AM:09:19:09/08/2024

1256 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی بەرگری روسیا رایگەیاند، ٧٥ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و حەوت بەلەمی بێ شۆفێری ئۆکرانیانیان لە دەریای رەشدا تێکشکانووە.حاکمی هەرێمی بێلگورودی روسیش دەڵێت، ٢٩ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان تێکشکاندووە.


ئەمڕۆ هەینی، وەزارەتی بەرگری روسیا لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە، شەوی رابردوو ئۆکرانیا هەوڵی داوە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرش بکاتە سەر خاکی روسیا و هێزی ئاسمانی روسیا رووبەڕووی بووەتەوە و هێرشەکەی شکست پێهێناوە.

باسی لەوەش کردووە، لە هێرشەکەدا ٧٥ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانیان تێکشکاندووە و لە دەریایی رەشیش حەوت بەلەمی بێ شۆفێری ئۆکرانیایان تێکشکاندووە.

لایخۆشییەوە، فياتشيسلاف گلادكوف حاکمی هەرێمی بێلگورودی روسی ئەوەی خستە روو، بە ٢٩ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرش کراوەتە سەر هەرێمەکەیان و هەر ٢٩ فڕۆکەکەیان تێکشکاندووە و هێرشەکە نەبووەتە هۆی هیچ برینداربوونێک.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ئۆکرانیا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردە سەر هەرێمی لیپێتسکی روسیا کە بەپێی وتەی پارێزگاری ناوچەکە زیانی بە وێستگەیەکی کارەبا گەیاندووە.

ئەم هێرشانەی ئۆکرانیا لە دوای ئەوە دێن، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا گەیشتنی فڕۆکەیەکی ئێف ١٦ـەی راگەیاند.

پێشتر هیچ فڕۆکەیەکی ئێف ١٦ لە سوپای ئۆکرانیادا نەبووە بەردەوام زیلینسکی داوای لە وڵاتانی هاوپەیمانی کردووە ئەو فڕۆکەیە بۆ سوپاکەی دابین بکەن و زیاتر گرنگی بەو هاوکارییانە بدەن کە دەبنە هۆی بەهێزکردنی توانی ئاسمانی ئۆکرانیا.

ماوەی نزیکەی سێ ساڵە جەنگی نێوان روسیا و ئۆکرانیا بەردەوامە، روسیاش بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگەکە داوا دەکات دەسەڵاتی سوپاکەی بەسەر ئەو ناوچانە بسەپێندرێت کە داگیری کردووە و ئۆکرانیاش رەتی دەکاتەوە لە خاکەکەی خۆش ببێت.













گەلەری