سەردێڕ:

ڤیدیۆ؛ دوای هەڵهاتنی سەرۆک وەزیرانی بەنگلادیش گەنجانی وڵاتەکەی لە بەفرگرەکەی خواردن دەخۆن

PM:07:20:05/08/2024

4524 جار خوێندراوەتەوە

دوای ئەوەی لەژێر فشار و ترسی خۆپیشاندەران سەرۆک وەزیرانی بەنگلادیش دەستی لەکارکێشایەوە و بەرەو هیندستان هەڵهات، گەنجانی وڵاتەکەی هێرشیان کردە سەر ماڵەکەی.


ئەمڕۆ دووشەممە، میدیا جیهانییەکان بڵاویان کردەوە، لەژێر فشار و ترسی خۆپیشاندەران شێخ حەسینە سەرۆک وەزیرانی بەنگلادیش دەستی لەکارکێشایەوە و لەگەڵ خوشکەکەیدا بەرەو شارێکی سنووری هیندستان هەڵهات.

دوای هەڵهاتنی سەرۆک وەزیران گەنجانی وڵاتەکەی هێرشیان کردە سەر ماڵەکەی و پەیکەری مەجبور رەحمان باوکی شێخ حەسینەیان رووخاند و دەستیان بەسەر کەلوپەلە تایبەتەکانی ئەو سەرۆک وەزیرانەدا گرت.

ماوەی زیاتر لە مانگێکە خۆپیشاندانی خوێندکارانی زانکۆ لە شاری دەکا لە بەنگلادیش دەستی پێکردووە دژی سیستمی هەلی دامەزراندنی ئەو وڵاتە کە ژمارەیەکی کەمی دەرچووانی سودمەند دەبوون.

بەهۆی گرژییەکانی نێوان خۆپیشاندەران و پۆلیسەوە نزیکی ٣٠٠ کەس گیانیان لەدەستدا و هەزاران کەسیش بریندار بوون، هەروەها دەوامی خوێندن لە زانکۆ و قوتابخانەکان راگیرا و حکومەتی ئەو وڵاتە بڕیاری بڕینی هێڵی ئینتەرنێتی لە شاری دەکا دا.

سەرەتای خۆپیشاندانەکان بە ئاشتییانە لەلایەن خوێندکارانەوە دەستی پێکرد، بەڵام بەهۆی بەکارهێنانی توندوتیژی لەلایەن پۆلیسەوە خۆپیشاندانەکان فراوانتر بوون و گرژی کەوتە نێوان پۆلیس و خۆپیشاندەران تاوەکو وای لێهات خۆپیشاندەران داوایان دەکرد سەرۆک وەزیرانی وڵات دەست لەکاربكێشێتەوە.














گەلەری