ئەمڕۆ دووشەممە، میدیا جیهانییەکان بڵاویان کردەوە، لەژێر فشار و ترسی خۆپیشاندەران سەرۆک وەزیرانی بەنگلادیش دەستی لەکارکێشایەوە و بەرەو هیندستان هەڵهات.
ئاماژە بەوەش کراوە، سەرەڕای قەدەغەی هاتوچۆ و بڕینی هێڵی ئینتەرنێت، جەماوەرێکی زۆر لە خۆپیشاندەرانی هەڵیانکوتایە سەر شوێنی نیشتەجێبوونی فەرمی سەرۆک وەزیرانی بەنگلادیش.
ئەوەش خراوەتە
روو، لە ئەنجامی خۆپیشاندانەکان لە ژێر فشار و ترسدا سەرۆک وەزیرانی بەنگلادیش
ناچار بوو دەست لەکاربکێشێتەوە و هەڵبێت.
ماوەی زیاتر لە مانگێکە
خۆپیشاندانی خوێندکارانی زانکۆ لە شاری دەکا لە بەنگلادیش دەستی پێکردووە دژی سیستمی
هەلی دامەزراندنی ئەو وڵاتە کە ژمارەیەکی کەمی دەرچووانی سودمەند دەبوون.
بەهۆی گرژییەکانی
نێوان خۆپیشاندەران و پۆلیسەوە نزیکی ٣٠٠ کەس گیانیان لەدەستدا و هەزاران کەسیش بریندار
بوون، هەروەها دەوامی خوێندن لە زانکۆ و قوتابخانەکان راگیرا و حکومەتی ئەو وڵاتە بڕیاری
بڕینی هێڵی ئینتەرنێتی لە شاری دەکا دا.
سەرەتای خۆپیشاندانەکان
بە ئاشتییانە لەلایەن خوێندکارانەوە دەستی پێکرد، بەڵام بەهۆی بەکارهێنانی توندوتیژی
لەلایەن پۆلیسەوە خۆپیشاندانەکان فراوانتر بوون و گرژی کەوتە نێوان پۆلیس و خۆپیشاندەران
تاوەکو وای لێهات خۆپیشاندەران داوایان دەکرد سەرۆک وەزیرانی وڵات دەست لەکاربكێشێتەوە.