دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، بۆ ئەنجامدانی دیبەیتێک لەگەڵ کامالا هاریسی کاندیدی دیموکراتەکان، لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوزدا رێککەوتووە و ئامادەیە بۆ دیبەیتەکە. دەشڵێت، "دیبەیتەکە بە ئامادەبوونی لایەنگرانی هەردوو لامان دەبێت".
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و کاندیدی کۆمارییەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکا بڵاوی کردەوە، لە چواری مانگی داهاتوو، بڕیارە لەگەڵ کامالا هاریسی کاندیدی دیموکراتەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکا، دیبەیتێک ئەنجام بدەن.
ئاماژەی بەوەش کردووە، ئامادەیە بۆ
ئەنجامدانی دیبەیتەکە و دیبەیتەکەش، بە بەشداری لایەنگرانی هەردووکیان دەبێت و لە
ویلایەتی پێنسلڤانیا ئەنجام دەدرێت.
ئەوەش لەکاتێکدایە، لە ٢٨ـی حوزەیراندا، جۆ بایدنی سەرۆکی ئێستای ئەمریکا و کاندیدی پێشووی
دیموکراتەکان و دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی پێشووی ئەو وڵاتە لە دیبەیتێکدا رووبەڕووی یەکدی
بوونەوە و ترەمپ توانی سۆزی زۆرینەی ئامادەبووانی دیبەیتەکە بەلای خۆیدا رابکێشێت.
دواتر و لە ٢١ـی تەممووزدا، جۆ بایدنی سەرۆکی
ئەمریکا لە راگەیەندراوێدا کشانەوەی
لە هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆکایەتی ئەمریکا راگەیاند و وتی، ئەو بڕیارەی لە بەرژەوەندی
گەل و حزبەکەیدا داوە.
ئەوەشی خستە روو، ویستوویەتی دووبارە خۆی بۆ پۆستی سەرۆکی ئەمریکا کاندید
بکاتەوە، بەڵام لەبەر بەرژەوەندی گەل و حزبەکەی دەستبەرداری ئەو ویستەی دەبێت و بەردەوام
دەبێت لە ئەرکەکانی وەک سەرۆکی ئەمریکا، تاوەکو هەڵبژاردن دەکرێت و ماوەی دەسەڵاتەکەی
کۆتایی دێت.
هاوکات، دوای کشانەوەی جۆ بایدن لە رکابەریی بوونەوە بە سەرۆکی ئەمریکادا،
دیموکراتەکان کامالا هاریسی جێگریان وەک کاندیدی بوون بە سەرۆکی ئەمریکا دیاری کرد.