رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایگەیاند، پلەکانی گەرما لە تەواوی وڵاتانی جیهاندا روو لە بەرزبوونەوەن، بەهۆی زیادبوونی شەپۆلەکانی گەرماشەوە، نزیکەی نیو ملیۆن کەس لە ١٩ ساڵدا گیانیان لەدەست داوە.
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی ناسراو بە "دەبلیو ئێچ ئۆ" راپۆرتێکی لە بارەی مەترسییەکانی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و کاریگەرییەکانی لەسەر تەواوی مرۆڤایەتی بڵاو کردووەتەوە و تییدا هاتووە، لە ماوەی ١٩ ساڵدا، نزیکەی ٤٨٩ هەزار کەس بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماوە گیانیان لەدەستداوە.
راپۆرتەکەی تەندروستیی جیهانی داتا و ژمارەی
٥٣ وڵاتی جیاوازی لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٠ بۆ ٢٠١٩ـدا کۆ کردووەتەوە، هانز کلوگە،
بەڕێوەبەری هەرێمیی رێکخراوەکەش لە ئەوروپا ئاماژەی بەوە کردووە، ٣٦٪ـی ئەو
کەسانەی گیانیان لەدەست داوە خەڵکی وڵاتانی ئەوروپان.
کلوگە ئەوەشی خستووەتە روو، بەرزبوونەوەی
پلەکانی گەرما کاریگەری راستەوخۆ دەکەنە سەر مرۆڤ و بەتایبەتتر، نیشانەکانی نەخۆشییە
درێژخایەنەکان توندتر دەکەن، وەک نەخۆشییەکانی دڵ، خوێنبەرەکان، کێشەکانی کۆئەندامی
هەناسە، خوێنبەرەکانی مێشک، تەندروستیی
دەروونی و حاڵەتەکانی پەیوەست بە نەخۆشی شەکرە. جگە لەوانەش، بەرزبوونەوەی پلەکانی
گەرما کاریگەری راستەوخۆیان لەسەر کەسانی بەتەمەن و دایکانی دووگیان هەیە.
باسی لەوەش کردووە، سێ ساڵی رابردوو گەرمترین ساڵەکان بوون لە چەندین
دەیەی رابردوودا و لە سەرتاسەری جیهاندا پلەکانی گەرما بە شێوەیەکی بەرچاو روو لە
بەرزبوونەوە بوون.
پێشتریش سەنتەری
نەتەوەیی بۆ زانیاری ژینگەیی سەر بە حکومەتی ئەمریکا لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە
کردبوو، ٢٠٢٤ لە ریزبەندی پێنج گەرمترین ساڵەکانی مێژوودایە و پێشبینیش دەکرێت ببێتە
گەرمترین ساڵی مێژوو.
ئەوەش هاتبوو، تێکڕای
پلەی گەرمی زەوی ماوەی زیاتر لە ساڵێکە لە سەروو ئاستی ئاساییەوە، مانگی حوزەیرانیش
لە زۆرینەی ناوچەکان، گەرمترین مانگ بووە لە مێژووی زەویدا، بەفری زۆرینەی ناوچەکانی
باکووری زەوی تواونەتەوە و بۆ نزمترین ئاست دابەزیون، رێژەی سەهۆڵی دەریاکانیش، بۆ
نزمترین ئاستی ٤٦ ساڵی رابردوو دابەزیون.
هاوکات، بە گوێرەی
ئامارێکی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە نیو سەدەی رابردوودا، زەوی ٣٥٪ـی بەستەڵەکەکانی
باکووری لەدەستداوە کە زیاتر لە ملیۆنێک و ٢٤٠ هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەیە.
گەرمبوونی گۆی
زەوی و توانەوەی بەستەڵەکەکان، بەبیابانبوون، ئاگری دارستانەکان و تەقینەوەی گڕکانەکان
دەرئەنجامەکانی گۆڕانی کەشوهەوان، خزمەتگوزاریی گۆڕانی کەشوهەوای کۆپەرنیکۆسی یەکێتی
ئەوروپا ئاماژەی بەوە کردووە، ساڵی ٢٠٢٣ گەرمترین ساڵ بووە لە ١٨٣ ساڵی رابردوودا،
زاناکانیش هۆشدارییان داوە لەوەی کە رەنگە لە ساڵی ٢٠٢٤ـدا جارێکی دیکە پلەكانی گەرمی
تۆمارکراو ئاستی ئاسایی تێپەڕێنێت، هۆکاری سەرەکی گەرمبوونی زەویش، گۆڕانی کەشوهەوایە.