سەردێڕ:

لەسەر ئاستی ساڵانە؛ نرخی مادە خۆراکییەکان لە مانگی رابردوودا ٣٪ دابەزیوە

PM:06:30:02/08/2024

1240 جار خوێندراوەتەوە

رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، لەسەر ئاستی ساڵانە نرخی بەشێکی زۆری مادە خۆراکییەکان لە ماوەی مانگی رابردوودا بەڕێژەی ٣.١٪ دابەزیوە، لە مانگی حوزەیرانیشدا بەڕێژەی ٣.٨٪ دابەزیوە.


ئەمڕۆ هەینی، رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (فاو) ئاماژەی بەوە کرد، لە مانگی رابردوودا و بۆ دووەم مانگ لەسەر یەک نرخی زۆرینەی مادە خۆراکییەکان دابەزیوە و گەیشتووەتە ١٢٠.٨ خاڵ.

باسی لەوەش کرد، لەسەر ئاستی ساڵانە نرخی زۆرینەی مادە خۆراکییەکان، ٣.١٪ دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە لەکاتێکدا لە مانگی حوزەیراندا بەڕێژەی ٣.٨٪ دابەزیوە.

ئەوەشی خستە روو، زۆری بڕی گەنم لە ئەنجامی بەردەوامی دروێنەکردنی گەنمی زستانە لە نیوەگۆی باکوور و بارودۆخی لەبار بۆ دروێنەی بەرهەمەکە لە کەنەدا و ئەمریکا، رۆڵێکی کاریگەری هەبووە لە دابەزینی نرخی گەنم.

ئەوەش لەکاتێکدایە، بەپێی پێوەرەکانی رێکخراوی فاو، پێش مانگی تەمموز، بۆ ماوەی چوار مانگ لەسەریەک نرخی مادە خۆراکییەکان بەرز ببونەوە، ئەوەش دوای ئەوەی لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا نرخەکان نزمترین ئاستیان لە ماوەی سێ ساڵدا تۆمار کرد.














گەلەری