سەردێڕ:

شەوی رابردوو لە ئیسرائیل چی روویدا؟

AM:08:28:02/08/2024

23124 جار خوێندراوەتەوە

شەوی رابردوو، حزبوڵڵای لوبنان دەیان مووشەکی ئاڕاستەی باکووری ئیسرائیل کرد و سەرۆکی ئەمریکاش لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا پابەندی وڵاتەکەی بە هاوکاریکردنی ئیسرائیلەوە دووپاتکردەوە.


شەوی رابردوو، حزبوڵڵای لوبنان لە باشووری وڵاتەکەوە لەڕێگەی دەیان مووشەکەوە، ناوچەیەکی باکووری ئیسرائیلی کردە ئامانج و زەنگی ئاگادارکردنەوە لە هەریەک لە ناوچەکانی هانیتا، شلۆمی و پێتیست و لێمان لێدرا.

دەزگای پەخشی ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کرد، هێرشەکە لەڕێگەی ٦٠ مووشەکەوە ئەنجام دراوە و ١٥ مووشەک خراونەتە خوارەوە.

لەلایەکی دیکەوە، رۆژنامەی تایمز ئۆف ئیسرائیل رایگەیاند، ئەمە یەکەم هێرشی حزبوڵڵای لوبنانە، لە ماوەی زیاتر لە ٤٨ کاتژمێر پاش ئەو هێرشەی کە تێیدا فوئاد شکور بەرپرسی چالاکییە سەربازییەکانی حزبوڵڵا لە بەیروتی پایتەختی لوبنان گیانی لەدەستدا.

دوای هێرشەکە، کۆشکی سپی بڵاویکردەوە، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا و کامالا هاریسی جێگرت پەیوەندییەکی تەلەفونیان لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلدا ئەنجامداوە و تێیدا پابەندی ئەمریکایان بە هاوکاریکردنی ئیسرائیل بۆ بەرگریکردن لە خۆی دووپاتکردووەتەوە.

پێشتریش، بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، وەڵامیان بۆ هەر هێرشێک دەبێت کە دەکرێتە سەر وڵاتەکەیان. وتیشی، "ئەنجامدانی هەر کردەوەیەکی شەڕەنگێزانە دژی ئێمە لەلایەن هەر کەسێکەوە بێت، باجێکی قورسی دەبێت".

ئەوەش لەکاتێکدایە، شەوی ٣١ـی مانگی رابردوو، لە هێرشێکدا فوئاد شکور بەرپرسی چالاکییە سەربازییەکانی حزبوڵا لە بەیروتی پایتەختی لوبنان کرایە ئامانج.













گەلەری