میدیاکانی چین بڵاویان کردەوە، بەهۆی بارانبارینی بەخوڕ و زریانێکی بەهێز لە پارێزگایەکی ناوەڕاستی وڵاتەکە نزیکەی ٣٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٣٥ کەسی دیکەش بێسەروشوێن بوون.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، میدیاکانی چین بڵاویان کردەوە، لەکاتێکدا شەپۆلێکی گەرمای بەهێز ناوچەکانی باکووری چینی گرتووەتەوە، شەپۆلێکی بارانبارینی بەخوڕ ناوچەکانی باشوور و ناوەڕاستی ئەو وڵاتەی گرتووەتەوە.
میدیاکان ئاماژەیان بەوەش کردووە، شەپۆلی بارانبارینی بەخوڕ و زریانێکی
بەهێز لە رۆژی دووشەممەی ئەم هەفتەیەوە ناوچەکانی باشوور و ناوەڕاستی وڵاتەکەی
گرتووەتەوە بەجۆرێک لە ناوچەیەکی نزیک باشووری رۆژئاوای پەکین، پایتەختی وڵاتەکە،
رێژەی بارانبارین لە ٢٤ کاتژمێردا ئاستێکی پێوانەیی تۆمار کردووە و گەیشتووەتە ٦٤٥
ملم.
باسیان لەوەش کردووە، بەهۆی شەپۆلەکە و زریانێکی بەهێز لە پارێزگای
هونان لە ناوەڕاستی وڵاتەکە نزیکەی ٣٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٣٥ کەسی دیکەش
بێسەروشوێن بوون.
ئەوەش لەکاتێکدایە، لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا لە باشووری چین لە
ئەنجامی بارانبارینی بەخوڕەوە رێگایەکی خێرا داڕما و بەهۆیەوە ٤٨ کەس گیانیان
لەدەستدا.