سەردێڕ:

دوای کوشتنی هەنیە؛ چی بەسەر ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و غەززەدا دێت؟

AM:08:51:01/08/2024

2112 جار خوێندراوەتەوە

لەدوای کوژرانی ئیسماعیل هەنیەی بەرپرسی مەکتەبی سیاسی حەماس، رەنگە رووداوەکە ببێتە هۆی تێکدانی ئەو چانسەی کە زیاتر لە ١٠ مانگە هەوڵی بۆ دەدرێت بۆ گەیشتن بە ئاگربەست لە غەززە.


میدیا جیهانییەکان باس لەوەدەکەن، بەپێی ئەو لێدوانانەی لەدوای کوژرانی هەنیەوە دراون چارەنووسی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و غەززە لە نادیاریدا دەهێڵێتەوە. دوێنێ چوارشەممە، لیواکانی قەسام باڵی سەربازی بزوتنەوەی حەماس رایگەیاند، کوشتنی هەنیە رووداوێکی مەترسیدارە و شەڕەکە بەرەو رەهەندێکی نوێ دەبات و کاردانەوەی گەورەی لەسەر تەواوی ناوچەکە دەبێت.

هاوکات، وڵاتی قەتەر کە یەکێک بوو لە وڵاتە نێوەندگیرەکان بۆ پێکهێنانی ئاگربەسەت لەدوای کوژرانی هەنیە ئاماژەی بەوە کرد، کوشتنی هەنیە هەڵچونێکی مەترسیدارە و "چۆن دەتوانرێت دانوستان بۆ ئاگربەست ئەنجام بدرێت لەکاتێکدا دانوستانکارەکە بکوژرێت؟".

لای خۆشیەوە، بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەدوای کوژرانی هەنیە رایگەیاند، جەنگ درێژە دەکێشێت و ئامادەن بۆ هەموو ئەو سیناریۆ و هەڕەشانەی رووبەڕوویان دەبێتەوە. وتیشی، "ئێمە حسابی خۆمان لەگەڵ هەموو ئەو کەسانە یەکلا دەکەینەوە کە زیانیان بە ئیسرائیل گەیاندووە".

لەوبارەیەشەوە، عەلی خامنەیی رابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران باسی لەوە کرد، بە کوژرانی ئیسماعیل هەنیە ئیسڕائیل سزایەکی توندی بۆ خۆی ئامادە کرد و ئێران بە ئەرکی خۆی دەزانێت تۆڵەی کوژرانی هەنیە بکاتەوە، چونکە لەناو خاکی ئێراندا بە ئامانج گیراوە.

سەرەرای ئەو لێدوانانە، تاوەکو ئێستا هیچ بەرپرسێکی ئیسڕائیل بە دیاریکراوی لەبارەی کوژرانی هەنیەوە لێدوانی فەرمی نەداوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، بەرەبەیانی دوێنێ چوارشەممە، بزوتنەوەی حەماس لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، ئیسماعیل هەنیە کە بۆ ماوەی زیاتر لە حەوت ساڵ سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزوتنەوەکەیان بوو، لە تارانی پایتەختی ئێران لە هێرشێکدا کوژراوە.













گەلەری