سەردێڕ:

یەکەم لێدوانی بنیامین ناتانیاهو لەبارەی کوشتنی ئیسماعیل هەنیە

PM:04:41:31/07/2024

4964 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، هەموو بەرپرسەکانی وڵاتەکەی ئاگاردار کردووەتەوە لەوەی نابێت هیچ لێدوانێک لەبارەی کوشتنی سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حەماسەوە بدەن و وەک حکومەتی ئیسرائیل بێدەنگی هەڵدەبژێرن.


ئەمڕۆ چوارشەممە، بنیامین ناتانیاهو سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، داوای لە سەرجەم وەزیرانی حکومەتەکەی و بەرپرسانی وڵاتەکەی ئاگادارکردووتەوە لەبارەی لێدواندان لەسەر کوشتنی ئیسماعیل هەنیە سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حەماس.

هاوکات، دەیڤد مینسر وتەبێژی حکومەتی ئیسرائیل رەتی کردەوە هیچ لێدوانێک لەوبارەیەوە بدات و باسی لەوە کرد، پابەندن بە گفتوگۆکان و فشارکردن لە حەماس بۆ ئازادکردنی بارمتەکان.

ئەوەشی خستە روو، حەماس پێشێلی رەشنووسی رێککەوتنەکانی کردووە بەندەکانی گۆڕيوە و پابەندی چوارچێوەی رێککەوتنەکان نەبووە، دەشڵێت، "جەنگ بەردەوام دەبێت تا سەرجەم ئامانجەکانمان بەدی دەهێنین."

کوشتنی ئیسماعیل هەنیە

بەرەبەیانی ئەمڕۆ، بزوتنەوەی حەماس لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، ئیسماعیل هەنیە کە بۆ ماوەی زیاتر لە حەوت ساڵ سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزوتنەوەکەیان بوو، لە تارانی پایتەختی ئێران کوژراوە.

دواتر، وەزیری بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند، پێشبینی ناکەن هیچ جەنگێکی نوێ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست ببێت. جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیاش دەڵێت، "کوشتنی هەنیە تیرۆرێکی سیاسی قبوڵنەکراوە".

هاوکات، خومەینی رایگەیاند، هەنیە لە خاکی ئێراندا کوژراوە و ئەو وڵاتە بەرپرسیارێتی تۆڵەکردنەوەی لە ئەستۆ دەگرێت و بێدەنگ نابێت.

چارەنووسی ئاگربەست لە غەززە

پێش کوشتنی ئیسماعیل هەنیەش حەماس و ئیسرائیل پەنجەی تۆمەتی دواخستنی ئاگربەستەکەیان بۆ یەک درێژ دەکرد و شارەزایان پێیان وایە، دوای کوشتنی هەنیە ئەنجامدانی ئاگربەست قورستر دەبێت.

دوێنێ، گروپی چەکداری حەماس لە راگەیاندراوێکدا باسی لەوە کرد، ئیسرائیل پاشەکشەی کردووە لەو پەڕاوەی لەسەر داوای جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا بۆ ئاگربەست پێشکەشی کردبوو و مەرجی نوێی زیاد کردووە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، ئیسرائیل ستراتیجی دواخستن و درەنگخستنی ئاگربەست بەکاردەهێنهێت بۆ بەردەوامیدان بە جەنگەکە. دەشڵێت، "لە رۆژانی داهاتوودا گفتوگۆکان لەبارەی پرسە گرنگەکانەوە بەردەوام دەبن".

لایخۆشییەوە، بنیامین ناتانیاهو سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل راگەیاندراوەکەی حەماسی رەتکردەوە و ئەوەی خستە روو، وڵاتەکەی هیچکام لە مەرجەکانی نەگۆڕیوە و حەماسی بەوە تۆمەتبارکرد کە دەبێتە هۆی دواخستنی ئاگربەست و ئازادکردنی دیلەکان.

راشیگەیاند، وڵاتەکەی پابەندە بە مەرجە سەرەکییەکانی بۆ ئاگربەست کە خۆیان لە ئازادکردنی زۆرترین ژمارەی دیل و چەسپاندنی دەسەڵاتی ئیسرائیل بەسەر رێرەوی سنووری غەززە و میسر و رێگریکردن لە چەکدارەکانی فەڵەستین لە گەڕانەوە بۆ غەززە دەبینێتەوە.

لە ٣١ـی حوزەیراندا، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا رەشنوسێکی بۆ راگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە پێشکەش کرد کە بە سێ قۆناغ دەکرێت و لە قۆناغی یەکەمدا شەش هەفتە بە تەواوی ئاگربەست دەکرێت و هێزەکانی ئیسرائیل بە تەواوی لە غەززە دەکشێنەوە و دیلە فەڵەستینییەکان ئازاد دەکرێن.

لە قۆناغی دووەمدا، سەرجەم دیلەکانی ئیسرائیل بە دیلە سەربازییەکانیشەوە و سەرجەم سەربازەکانی ئیسرائیل غەززە چۆڵ دەکەن و لە کۆتا قۆناغیشدا غەززە بنیاددەنێتەوە و تەرمی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە دەدرێتەوە بە خێزانەکانیان.













گەلەری