سەردێڕ:

ئیسماعیل هەنیە کێ بوو؟

AM:09:18:31/07/2024

31912 جار خوێندراوەتەوە

بەرەبەیانی ئەمڕۆ، بزوتنەوەی حەماس لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، ئیسماعیل هەنیە کە بۆ ماوەی زیاتر لە حەوت ساڵ سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزوتنەوەکەیان بوو، لە تارانی پایتەختی ئێران کوژراوە.


ئیسماعیل هەنیەی سەرۆکی پێشووی بزوتنەوەی حەماس لە ٢٩ـی کانوونی دووەمی ١٩٦٢ لە کەمپێکی ئاوارەکانی غەززە لەدایک بووە و لە کۆتاییەکانی ساڵی ١٩٨٠ و لە تەمەنی ١٨ ساڵیدا پەیوەندی بە ریزەکانی بزوتنەوەی حەماسەوە کردووە.

لەگەڵ زیادبوونی دەسەڵاتی حەماس لە سەرەتای ساڵانی ٢٠٠٠ـەوە، ناو و ناوبانگی ئیسماعیل هەنیەش زیاتر بڵاو بووەوە و لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٠٦ـی فەڵەستیندا زۆرینەی دەنگەکانی بەدەست هێنا و لە ٢٩ـی ئازاری ٢٠٠٦ـدا بووە سەرۆک وەزیرانی دەسەڵاتی فەڵەستین و تا ١٤ـی حوزەیرانی ٢٠٠٧ لەو پۆستەدا مایەوە.

لە رۆژی ٦ـی ئایاری ٢٠١٧ لە جێگەی خالید مەشعەل، هەنیە بووە سەرۆکی نوێی مەکتەبی سیاسیی حەماس، ، دوابەدوای ئەوەش لەلایەن ئەمریکاوە خرایە ناو لیستی تیرۆرەوە، هەرچەندە چەندین جار لەگەڵ جیمی کارتەری سەرۆکی پێشووتری ئەمریکادا بەشداری چەند گفتوگۆیەکی ئاشتی کردووە.

"سەرەتای کاری سیاسی هەنیە"

هەنیە خوێندنی باڵای لە زانکۆی ئیسلامیی غەززە لە ساڵی ١٩٨٧ـدا تەواو کردووە و خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆس بووە لە ئەدەبیاتی عەرەبی، سەرەتای پەیوەندیکردنیشی بە بزوتنەوەی حەماس، هەر لە ساڵانی خوێندنیدا بووە لەو زانکۆیە.

بەهۆی بەشداریکردنی لە راپەڕینی یەکەمی فەڵەستینییەکان دژ بە دەسەڵاتی ئیسرائیل لە کۆتاییەکانی ساڵی ١٩٨٧، لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە دەستگیر کرا و دواتر بۆ ماوەیەک زیندانی کرا، لە ساڵی ١٩٨٨ بۆ جاری دووەم دەستگیر کرا و سزای شەش مانگ زیندانی بەسەردا سەپێندرا، دواتر و لە ساڵی ١٩٨٩، لەلایەن دادگای ئیسرائیلەوە سزای سێ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا.

لەگەڵ ئازادبوونی لە ساڵی ١٩٩٢، لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئیسرائیلەوە، هەنیە و چەند سەرکردەیەکی دیاری حەماس و ٤٠٠ چالاکوانی دیکەی فەڵەستین دیپۆرتی لوبنان کران، ئەو چالاکوانانە بۆ ماوەی ساڵێک لە باشووری لوبنان نیشتەجێ بوون و لە زۆرینەی چاوی میدیا جیهانییەکانیان کەوتە سەر و ناوی "حەماس" بە تەواوی جیهاندا بڵاو بووەوە، دوای ساڵێکیش ئیسماعیل هەنیە گەڕایەوە غەززە و بووە راگری زانکۆی ئیسلامی لە غەززە.

دواتر و لە ساڵی ١٩٩٧ـدا کاتێک ئەحمەد یاسینی دامەزرێنەری حەماس لە زیندان ئازاد کرا، هەنیە وەک سەرۆکی نوسینگەکەی دیاری کرا، بەهۆی نزیکی لە ئەحمەد یاسینیشەوە، ناو و ناوبانگی هەنیە تا دەهات لەناو بزوتنەوەکەدا زیاتر دەبوو، دواتریش بووە نوێنەری دەسەڵاتی فەڵەستین.

لە ساڵی ٢٠٠٠ـدا راپەڕینی دووەمی فەڵەستینییەکان لە دژی دەسەڵاتی ئیسرائیل بووە ئەستێرەی بەختی هەنیە و ناو و ناوبانگی تا دەهات زیاتر دەبوو، بەهۆی کوژرانی چەند سەرکردەیەکی دیاری حەماسیشەوە، هەنیە لەناو بزوتنەوەکەدا زیاتر چووە پێشەوە و لەوکاتەوە لە چەندین هەوڵی کوشتن رزگاری بوو.

لە ١٠ـی نیسانی ئەمساڵ و لە بۆردوومانێکی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیلدا بۆ سەر کەرتی غەززە، سێ کوڕ و چەند نەوەیەکی ئیسماعیل هەنیە کوژران، رۆژی ٢٥ـی حوزەیرانیش، لە بۆردوومانێکی سوپای ئیسرائیلدا کە ماڵەکەی ئیسماعیل هەنیە بە ئامانج گیرابوو، خوشکێکی ئیسماعیل هەنیە و زاوایەکی و ١١ کەسی دیکە کە بەشێکیان ئەندامانی خێزانەکەی بوون، کوژران.

دوێنێ سێشەممە، ٣٠ـی تەمووز، ئیسماعیل هەینە بە مەبەستی بەشداریکردن لە رێوڕەسمی بوون بە سەرۆک کۆماری ئێرانی مەسعود پزیشکیان سەردانی ئێرانی کرد و لە رێوڕەسمەکەدا بەشدار بوو، بەرەبەیانی ئەمڕۆ بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند،" ئیسماعیل هەینەی سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزوتنەوەکەمان، لە تارانی پایتەختی ئێران لەلایەن ئیسرائیلەوە کوژراوە".













گەلەری