AM:07:12:31/07/2024
12264 جار خوێندراوەتەوە
تۆڕی هەواڵیی سی ئێن ئێنی ئەمریکی لە زاری بەرپرسێکی باڵای سەربازی ئیسرائیلەوە بڵاوی کردەوە، لە ئێستادا ئامادە نین هیچ لێدوانێک لەبارەی رووداوی کوژرانی ئیسماعیل هەنیەی سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماسەوە بدەن. میدیاکانی ئیسرائیلیش دەڵێن، بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە، سەرجەم بەرپرس و وەزیرەکانی ئاگادار کردووەتەوە کە هیچ لێدوانێک لەبارەی ئەو رووداوەوە نەدەن.
ئەمڕۆ چوارشەممە، تۆڕی هەواڵیی سی ئێن ئێن رایگەیاند، لە ئێستادا سوپای ئیسرائیل ئامادە نییە هیچ لێدوانێک لەبارەی رووداوی کوژرانی ئیسماعیل هەنیەوە بدات.
ئاماژە بەوەش کراوە، ئەو بەرپرسەی سوپای ئیسرائیل رایگەیاندووە، سوپای وڵاتەکەیان هیچ روونکردنەوە و لێدوانێک لەسەر رووداوی کوژرانی سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حەماس بۆ میدیای بیانی نادات.
ئەوەش لەکاتێکدایە،
سەرلەبەیانی
ئەمڕۆ، بزوتنەوەی حەماس رایگەیاند، ئیسماعیل هەنیەی سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزوتنەوەکەیان
لە تارانی پایتەختی ئێران کوژراوە. سوپای پاسدارانیش رایگەیاند، "لێکۆڵینەوە
لە رووداوەکە دەکەین و ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەکانمان لە دواتردا بڵاو دەکەینەوە".
ئیسماعیل هەنیەی
سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس، بە مەبەستی بەشداریکردن لە رێوڕەسمی دەستبەکاربوونی
مەسعود پزیشکیانی سەرۆک کۆماری ئێران سەردانی ئەو وڵاتەی کردبوو.
ئەوەش لەکاتێکدایە،
لە ١٠ـی نیسانی ئەمساڵ و لە بۆردوومانێکی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیلدا بۆ سەر کەرتی
غەززە، سێ کوڕ و چەند نەوەیەکی ئیسماعیل هەنیە کوژران، رۆژی ٢٥ـی حوزەیرانیش، لە بۆردوومانێکی
سوپای ئیسرائیلدا کە ماڵەکەی ئیسماعیل هەنیە بە ئامانج گیرابوو، خوشکێکی ئیسماعیل
هەنیە و زاوایەکی و ١١ کەسی دیکە کە بەشێکیان ئەندامانی خێزانەکەی بوون، کوژران.