سەردێڕ:

سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس لە تاران کوژرا

AM:06:15:31/07/2024

16424 جار خوێندراوەتەوە

بزوتنەوەی حەماس رایگەیاند، ئیسماعیل هەنیەی سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزوتنەوەکەیان لە تارانی پایتەختی ئێران کوژراوە. سوپای پاسدارانیش دەڵێت، "لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکەین و ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەکانمان لە دواتردا بڵاو دەکەینەوە".


کەمێک لەمەوبەر، بزوتنەوەی حەماس راگەیەنراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا هاتووە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزوتنەوەکەیان لە هێرشێکدا و لە شوێنی مانەوەی لە تارانی پایتەختی ئێران کوژراوە و ئیسرائیلیان بە ئەنجامدەری هێرشەکە تۆمەتبار کردووە.

هەر لەبارەی کوژرانی ئیسماعیل هەنیەوە، سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاندووە، لێکۆڵینەوە لە رووداوی کوشتنەکە دەکەن و ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەکەیان لە دواتردا بڵاو دەکەنەوە.

ئاژانسی هەواڵی ئێرانیش بڵاوی کردووەتەوە، لە هێرشەکەدا کە بۆ سەر شوێنی مانەوەی هەنیە بووە لە تاران، ئیسماعیل هەنیەی سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس و یەکێک لە پاسەوانە تایبەتەکانی کوژراون.

تا ئێستا سوپای ئیسرائیل هیچ روونکردنەوەیەکی لەبارەی هێرشەکە و کوژرانی ئیسماعیل هەنیە نەداوە.

ئیسماعیل هەنیەی سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس، بە مەبەستی بەشداریکردن لە رێوڕەسمی دەستبەکاربوونی مەسعود پزیشکیانی سەرۆک کۆماری ئێران سەردانی ئەو وڵاتەی کردبوو.

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە ١٠ـی نیسانی ئەمساڵ و لە بۆردوومانێکی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیلدا بۆ سەر کەرتی غەززە، سێ کوڕ و چەند نەوەیەکی ئیسماعیل هەنیە کوژران، رۆژی ٢٥ـی حوزەیرانیش، لە بۆردوومانێکی سوپای ئیسرائیلدا کە ماڵەکەی ئیسماعیل هەنیە بە ئامانج گیرابوو، خوشکێکی ئیسماعیل هەنیە و زاوایەکی و ١١ کەسی دیکە کە بەشێکیان ئەندامانی خێزانەکەی بوون، کوژران.














گەلەری