سەردێڕ:

پەرلەمانی تورکیا یاسایەکی تایبەت بە سەگەبێلانەکان پەسەند کرد

AM:11:24:30/07/2024

1940 جار خوێندراوەتەوە

پەرلەمانی تورکیا یاسایەکی پەسەند کرد تایبەت بە سەگی بێلانە، بە جۆرێک سەرجەم سەگە بیلانەکانی وڵاتەکە کۆدەکرێنەوە و یاساکە بە ملیۆنان سەگی بێلانە دەگرێتەوە، ئەوەش ناڕەزایەتی ئاژەڵدۆستانی لێکەوتووەتەوە.


بەپێی میدیاکانی ئەو وڵاتە، یاساکە لە پەرلەمانی تورکیادا پەسەند کراوە، کە بە ملیۆنان سەگی بێلانە لە وڵاتەکەدا دەگرێتەوە.

 

بەپێی یاساکە، سەرجەم سەگەبێلانەکانی سەرشەقامەکان کۆدەکرێنەوە و دەبرێنە شێڵتەرێک، ئەو سەگانەی پێویستیان بە چارەسەر بێت چارەسەر وەردەگرن و ئەوانەشی کە توشی نەخۆشی بوون و چارەسەریان نییە، وەک نەخۆشی هاری؛ بەشێوەیەکی مرۆڤانە لەناودەبرێن.

بەپێی یاسای پێشوو، دەبوو شارەوانییەکانی تورکیا سەرجەم سەگە بێلانەکان کۆبکەنەوە و نەزۆکیان بکەن، دواتر بیانگەڕێننەوە بۆ ئەو شوێنەی لێوەی هێنرابوون.

ئەم یاسایەی ئێستا جیاوازە و بەپێی پێشبینییەکان، مەزەندە دەکرێت چوار ملیۆن سەگی بێلانە لە تورکیادا هەبن و یاساکە بیانگرێتەوە، لەکاتێکدا لەماوەی ٢٠ ساڵی رابردوودا شارەوانییەکانی تورکیا نزیکەی ٢ ملیۆن و نیو لە سەگی بێلانەیان نەزۆک کردووە.

لەئێستادا تورکیا سەرقاڵی ئامادەکردنی شێڵتەرەکانن و ٣٢٢ شێڵتەریان ئامادەکردووە، کە دەتوانن داڵدەی ١٠٥ هەزار سەگی بێلانەی تێدا بدەن.

لە یاسا نوێیەکەدا هاتووە، شارەوانییەکان ٠.٣٪ی بودجەی ساڵانەیان بۆ ئەو بابەتە تەرخان بکەن و تاوەکو ساڵی ٢٠٢٨ مۆڵەت دراوەتە شارەوانییەکان بۆ دروستکردنی شێڵتەرەکان و نۆژەنکردنەوەی شێڵتەرە کۆنەکان.

ئەو بڕیارە ناڕەزایەتی ئاژەڵدۆستانی لێکەوتووەتەوە و باس لەوەدەکەن، پڕۆسەی نەزۆککردنی سەگەکان باشترە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، زۆربوونی ژمارەی سەگی بێلانە لەئێستادا بەشێکی زۆری وڵاتەکانی هەراسان کردووە و عێراق و هەرێمیش یەکێکن لەو ناوچانەی بەدەست ئەو دەردەوە دەناڵێنن.

لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا سەگی بێلانە لەناو شارەکاندا رووی لە زیادبوون کردووە و بەجۆرێک هەر کۆڵانێک ئەگەر پێنج سەگی بێلانەی لێنەبێت، یەک دووانێکی هەر لێیە.

ئەو پرسە لە هەرێمیش ناڕەزایەتی هاوڵاتییانی بەدوای خۆیدا هێناوە و چەندین جاریش رووداوی پەلاماردانی سەگ روویانداوە، کە بوونەتە هۆی گیانلەدەستدان یان بریندارکردنی سەختی مرۆڤەکان.

لە هەرێم تاوەکو ئێستا حکومەتی کاربەڕێکەر پلانێکی جدی بۆ ئەو پرسە دانەناوە و رۆژ بە رۆژیش ژمارەی سەگەبێلانەکان روو لە زیادبوونن.

گەستنی مرۆڤەکان لەلایەن سەگەوە دەکرێت ببێتە هۆی توشبوونیان بە نەخۆشی هاری، کە ئەو نەخۆشییەکی هاوبەشی نێوان ئاژەڵ و مرۆڤە و لەرێگای بەرکەوتنی لیکی سەگەگە بە مرۆڤەکە تووشی دەبێت لەکاتێکدا کە گازی لێدەگرێت، یان ئەگەر لیکەکە بەر برین بکەوێت، یان بەر چاو و دەم.

هاری بەهۆی ڤایرۆسیrabies virus ، لە گروپیlyssavirusتووشی مرۆڤەکان دەبێت، کە چەند ڤایرۆسێکن و کاریگەریی لەسەر کۆئەندامی دەمار دروستدەکەن، نەخۆشی هاری ئەگەر زوو چارەسەر نەکرێت کوشندەیە و ساڵانە دەبێتە هۆی مردنی هەزاران کەس لە جیهاندا.

بۆ زانیاری زیاتر لەسەر نەخۆشی هاری و نیشانەکانی و چارەسەری کلیک لێرە بکە


هـ.ئـ

 













گەلەری