سەردێڕ:

نوێترین پێشهاتەکانی ئاگربەست لە غەززە چین؟

AM:08:23:30/07/2024

1600 جار خوێندراوەتەوە

لە دوای جەژنی قوربانەوە هیچ ئاگربەستێک لەنێوان حەماس و ئیسرائیلدا نەکراوە و لە نوێترین پێشهاتیشدا گروپی چەکداری حەماس رایگەیاند، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل هۆکاری دواکەوتنی ئاگربەستەکانە و مەرجی نوێی بۆ رێککەوتنەکان زیاد کردووە. ئیسرائیلیش راگەیاندراوەکەی حەماسی رەتکردەوە.


ئەمڕۆ سێشەممە، گروپی چەکداری حەماس لە راگەیاندراوێکدا باسی لەوە کردووە، ئیسرائیل پاشەکشەی کردووە لەو پەڕاوەی لەسەر داوای جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا بۆ ئاگربەست پێشکەشی کردبوو و مەرجی نوێی زیاد کردووە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، ئیسرائیل ستراتیجی دواخستن و درەنگخستنی ئاگربەست بەکاردەهێنهێت بۆ بەردەوامیدان بە جەنگەکە. دەشڵێت، "لە رۆژانی داهاتوودا گفتوگۆکان لەبارەی پرسە گرنگەکانەوە بەردەوام دەبن".

لایخۆشییەوە، بنیامین ناتانیاهو سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل راگەیاندراوەکەی حەماسی رەتکردەوە و ئەوەی خستە روو، وڵاتەکەی هیچکام لە مەرجەکانی نەگۆڕیوە و حەماسی بەوە تۆمەتبارکرد کە دەبێتە هۆی دواخستنی ئاگربەست و ئازادکردنی دیلەکان.

راشیگەیاند، وڵاتەکەی پابەندە بە مەرجە سەرەکییەکانی بۆ ئاگربەست کە خۆیان لە ئازادکردنی زۆرترین ژمارەی دیل و چەسپاندنی دەسەڵاتی ئیسرائیل بەسەر رێرەوی سنووری غەززە و میسر و رێگریکردن لە چەکدارەکانی فەڵەستین لە گەڕانەوە بۆ غەززە دەبینێتەوە.

لە ٣١ـی حوزەیراندا، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا رەشنوسێکی بۆ راگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە پێشکەش کرد کە بە سێ قۆناغ دەکرێت و لە قۆناغی یەکەمدا شەش هەفتە بە تەواوی ئاگربەست دەکرێت و هێزەکانی ئیسرائیل بە تەواوی لە غەززە دەکشێنەوە و دیلە فەڵەستینییەکان ئازاد دەکرێن.

لە قۆناغی دووەمدا، سەرجەم دیلەکانی ئیسرائیل بە دیلە سەربازییەکانیشەوە و سەرجەم سەربازەکانی ئیسرائیل غەززە چۆڵ دەکەن و لە کۆتا قۆناغیشدا غەززە بنیاددەنێتەوە و تەرمی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە دەدرێتەوە بە خێزانەکانیان.













گەلەری