سەردێڕ:

لوبنان وەڵامی هێرشە مووشەکییەکانی سنووری وڵاتەکەی دەداتەوە

PM:04:41:28/07/2024

2524 جار خوێندراوەتەوە

لە دوای هێرشێکی مووشەکی بۆسەر ناوچەی جۆلان لە سوریا نزیک لە سنووری لوبنان کە بووە هۆی گیان لەدەستدانی ١٢ کەس، وەزیری دەرەوەی لوبنان رایگەیاند، هەر هێرشێک بۆ سەر لوبنان دەبێتە هۆی دروستبوونی جەنگی ناوچەیی و سەرجەم وڵاتانی ئەو ناوچەیە زیانیان پێ دەگات.


ئەمڕۆ یەکشەممە، عەبدوڵا بو حەبیب وەزیری دەرەوەی لوبنان رایگەیاند، پێویستە لیژنەیەک پێکبهێنرێت بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەی دوێنێی سەر مەجدال شەمس لە ناوچەی جۆلان کە ١٢ کەس تێیدا کوژران.

ئاماژەی بەوەش کرد، هەر هێرشێک بۆ سەر لوبنان ئەنجام بدرێت دەبێتە هۆی دروستبوونی جەنگی ناوچەیی و بۆ هەموو وڵاتانی ناوچەکە جەنگێکی وێرانکەر دەبێت.

باسی لەوەش کرد، بەردەوامن لە پەیوەندییە بەرفراوانەکان بۆ رێگریکردن لە فراوانبوونی ململانێکان، چونکە لە ئێستادا مەترسی لەسەر فروانبوونی ململانێکان هەیە.

ئەوەش لەدوای ئەوە دێت، رۆژی رابردوو هێرشێکی مووشەکی کرایە سەر یاریگایەکی تۆپی پێ لە ناوچەی جۆلان لە سوریا بووە هۆی گیان لەدەستدانی ١٢ کەس.

دوابەدوای هێرشەکەش، ئیسرائیل بەرپرسیارییەتی ئەو هێرشەی خستە ئەستۆی گروپی حزبوڵا و لەبەرامبەردا ئەو گروپە رایگەیاند، ئەو تۆمەتانە رەت دەکەنەوە و بە هیچ شێوەیەک پەیوەندییان بەو هێرشەوە نیە.













گەلەری