سەردێڕ:

ئەمریکا بۆ ئیسرائیل: پێویستە ئاگربەست بکرێت

AM:09:52:26/07/2024

1224 جار خوێندراوەتەوە

کۆشکی سپی رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی سەرۆکی ئەمریکا و سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلدا سەرۆکی ئەمریکا جەختی لە ئەنجامدانی ئاگربەست کردووەتەوە بە زووترین کات.


ئەمڕۆ هەینی، کۆشکی سپی لە راگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە لە کۆبوونەوەی نێوان جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین ناتانیاهو سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلدا بایدن داوایکردووە بە زووترین کات ئەوە بۆشاییە ئەمنییانەی هەن پڕبکرێنەوە و ئاگربەست ئەنجام بدرێت.

باس لەوەش کراوە، بایدن داوایکردووە بە زووترین کات خاڵی کۆتایی بۆ جەنگی غەززە دابنرێت و دیلەکانیش بگەڕێنەوە ماڵەکانیان و کۆتایی بە قەیرانی مرۆیی بهێنرێت.

بەپێی راگەیاندراوەکەی کۆشکی سپی بایدن ئاماژەی بەوە کردووە، پێویستە رێگە بدرێت هاوکارییە مرۆییەکان بە ئاسانی و بەبێ رێگر ببرێنە نێو غەززە و گیانی هاوڵاتیانی مەدەنی بپارێزرێت.

ئەوەشی خستووەتە روو، "ئەمریکا بە توندی پابەندە بە ئاسایشی ئیسرائیل لە بەرامبەر هەموو هەڕەشەکانی گروپە چەکدارەکان".

دوێنێ بنیامین ناتانیاهو سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل سەردانی ئەمریکای کرد و لە کۆنگرێسی ئەو وڵاتە وتارێکی پێشکەش کرد و لەگەڵ جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا و کاملا هاریس جێگری سەرۆکی ئەمریکا و ئیلۆن مەسک خاوەنی کۆمپانیاکانی ئێکس و سپەیس ئێکس و تێسلادا کۆبووەوە.













گەلەری