دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە نۆ مانگ بەسەر جەنگی غەززەدا، تەندروستیی غەززە رایگەیاند، بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە نزیکەی ٤٠ هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، وەزارەتی تەندروستیی غەززە رایگەیاند، ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی بۆردوومانە بەردەوامەکانی ئیسرائیلەوە گەیشتووەتە ٣٩ هەزار و ٩٠ کەس.
ئەوەشی خستووەتە روو، لە
ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٨٤ کەس گیانیان لەدەستداوە و ژمارەی بریندارانیش لە
٧ـی ئۆکتۆبەرەوە، گەیشتووەتە ٩٠ هەزار و ١٤٧ کەس.
باسی لەوەش کردووە، ژمارەی
گیانلەدەستدان و برینداران لە خان یونس بەرەو زیادبوون دەچێت و لە ٢٤ کاتژمێردا
٧٣ کەس گیانیان لەدەستداوە کە ٢٤ـیان منداڵن و زیاتر لە ٢٧٠ کەسیش بریندار بوون.
هاوکات، سوپای ئیسرائیل
لە راگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، چەند چەکدارێکیان لە خان یونس کردووتە ئامانج
و زیاتر لە ٣٠ ژێرخانی سەربازییان لە ناوچەکە کردووتە ئامانج.
لەلایەکی دیکەشەوە، رێکخراوی مانگی سوری فەڵەستین، لەبارەی ژمارەی
گیانلەدەستدان لە رۆژی ٧ـی ئۆکتۆبەرەوە بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، هیچ
ناوچەیەکی ئارام لە غەززەدا نەماوەتەوە بۆ ژیانکردن و لەهەر خولەکێکدا ناوچەیەک
بۆردوومان دەکرێت و دەیان کەس بەهۆیەوە بریندار دەبن و گیان لەدەست دەدەن.
جەنگی غەززە لە ٧ـی ئۆکتۆبەری ساڵی
رابردووەوە سەری هەڵداوە و تا ئێستاش درێژەی هەیە، شاندێکی ئیسڕائیلیش لە میسرە بۆ
دەستپێکردنی گفتوگۆ لەبارەی راگرتنی جەنگەکە و ئازادکردنی نزیکەی ١٢٠ بارمتە لەژێر
دەستی گروپە چەکدارە فەڵەستینییەکان.