سەردێڕ:

خان یونس بووە بە دۆزەخی فەڵەستینییەکان لە ٢٤ کاتژمێردا ٧٠ کەس گیانیان لەدەستداوە

PM:11:51:22/07/2024

1640 جار خوێندراوەتەوە

خان یونس کە شارێکی باشووری کەرتی غەززەیە لە ماوەی جەنگدا بووەتە دۆزەخێک بۆ فەڵەستینییە ئاوارەکان و ناوەندی پزیشکی خان یونس بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لەماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا بەهۆی بۆردوومانە لەسەریەکەکانی ئیسرائیل ٧٠ کەس گیانیان لەدەستداوە دەشڵێت، "مەترسییەکان لە ناوچەکەمان زیادی کردووە و ژیان سەختتر بووە."


ئەمڕۆ دووشەممە، ناوەندی پزیشکی خان یونس لەبارەی دۆخی باشووری کەرتی غەززە بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بۆردوومانی سوپای ئیسرائیل لە باشووری کەرتی غەززە بەردەوامی هەیە و ئەوەش وایکردووە ژمارەی گیانلەدەستدان بەرزتربێتەوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، بەهۆی بۆردوومانە لەسەریەکەکانی ئیسرائیل لە خان یونس ٧٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و ١٠٠ کەسی دیکەش برینداربوون. دەشڵێت، "دۆخی ناوچەکە سەختتربووە و سەرەڕای بۆردوومانەکان بەردەوامدەبین لە چارەسەرکردنی بریندارەکان، چونکە نامانەوێت گیانلەدەستدانی کەسوکارەکانمان بببینین".

لەلایەکی دیکەشەوە، ریکخراوی مانگی سوری فەڵەستین، لەبارەی ژمارەی گیانلەدەستدان لە رۆژی ٧ـی ئۆکتۆبەرەوە بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لەماوەی ٢٨٧ رۆژی رابردوودا زیاتر لە ٣٩ هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە. وتیشی، "هیچ ناوچەیەکی ئارام لە غەززەدا نەماوەتەوە بۆ ژیانکردن و لەهەر خولەکێکدا ناوچەیەک بۆردوومان دەکرێت و دەیان کەس بەهۆیەوە برینداردەبن و گیانلەدەستدەدەن".

جەنگی غەززە لە ٧ـی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووەوە سەری هەڵداوە و تا ئێستاش درێژەی هەیە، شاندێکی ئیسڕائیلیش لە میسرە بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆ لەبارەی راگرتنی جەنگەکە و ئازادکردنی نزیکەی ١٢٠ بارمتە لەژێر دەستی گروپە چەکدارە فەڵەستینییەکان.














گەلەری