سەردێڕ:

بۆ رەتکردنەوەى پێکهێنانی دەوڵەتی فەڵەستین؛ پەرلەمانی ئیسرائیل پڕۆژەیاسایەکى پەسەندکرد

پەرلەمانی ئیسرائیل (کنێست)
PM:08:30:18/07/2024

1748 جار خوێندراوەتەوە

لە کاتێکدایە زۆرێک لە وڵاتانی جیهان کە ئەمریکا یەکێکیانە پشتگیریی لە پێکهێنانی دەوڵەتێک بۆ فەڵەستینییەکان دەکەن و پێیان وایە هەنگاوێکی پێویستە بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێ و ناکۆکییەکان، پەرلەمانى ئیسڕائیل بە پەسەندکردنى پڕۆژەیاسایەک پێکهێنانی دەوڵەتێکى بۆ فەڵەستینییەکان رەتکردەوە.


بڕیارێکی کنێستی ئیسڕائیل جارێکی دیکە خەونی فەڵەستینییەکانی بۆ بوون بە خاوەنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ دوورخستەوە و بونیادنانی زیاتری ئۆردوگای جولەکەنشینیش لە کەناری رۆژئاوا سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانی هێناوەتە دەنگ.

بەزۆرینەی دەنگی ئەندامەکانی، کنێستی ئیسڕائیل دەنگی لەسەر پڕۆژەیاسایەک دا بۆ رەتکردنەوەی پێکهێنانی دەوڵەتێک بۆ فەڵەستینییەکان، ئەوەش بە پاساوی ئەوەی پێکهێنانی ئەو دەوڵەتە لەناوجەرگەی ئیسڕائیل هەڕەشە بۆ سەر بوونی ئیسڕائیل و هاوڵاتیانی دروست دەکات.

لەو چوارچێوەیەدا پارتەکانی ناو ئیئیلافی بنیامین ناتانیاهۆ لە پاڵ پارتە راستڕەوەکانی ئۆپۆزسیۆن پشتگیرییان لە پڕۆژەیاساکە کردووە، بەڵام پارتەکەی (یائیر لابید) سەرۆکی ئۆپۆزسیۆن کە پشتگیریی لە پێکهێنانی دوو دەوڵەت بۆ ئیسڕائیل و فەڵەستینییەکان دەکات، دانیشتنەکەی کنێستی جێهێشتووە و دەنگی بە پڕۆژەیاساکە نەداوە.

لە پڕۆژەیاساکەدا هاتووە، بوونی دەوڵەتێکی فەڵەستینی ملمانێکان لە ناوچەکە زیاتر دەکات، چونکە لەدوای ماوەیەکی کەم گروپە چەکدارە فەڵەستینییەکان دەست بەسەر ئەو دەوڵەتدا دەگرن و دەیکەنە بنکەیەکی تیرۆریستی توندڕەوی ئیسلامی، کە دواتر لەگەڵ ئێران و پاشکۆکانی کاردەکەن بۆ لەناوبردنی دەوڵەتی ئیسڕائیل.

دەنگدان لەسەر پڕۆژەکەش بەر لە چەند رۆژێک دێت لە سەردانێکی ناتانیاهۆ بۆ ئەمریکا، تا لەبەردەم کۆنگرێسی ئەو وڵاتە وتارێک بخوێنێتەوە و لەگەڵ جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە، کە ئێستا جارێکی دیکە تووشی نەخۆشی کۆرۆنا بووەتەوە.

رەنگە ئەو هەنگاوەش سیناتۆرە دیموکراتەکان توڕەتر بکات کە نیگەرانن لەوەی حکومەتی تەلئەبیب پێکهێنانی دەوڵەتێک بۆ فەڵەستینییەکان رەت دەکاتەوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، زۆرێک لە وڵاتانی جیهان کە ئەمریکا یەکێکیانە پشتگیریی لە پێکهێنانی ئەو دەوڵەتە دەکەن و پێیان وایە هەنگاوێکی پێویستە بۆ کۆتایهێنان بە ململانێی نێوان عەرەب و جولەکەکان.

لەلایەکی دیکەوە، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، حکومەتی ئیسڕائیلی تۆمەتبار کرد بەوەی دەیەوێت دیمۆگرافی ناوچەکە بگۆڕێت لەڕێگەی پەلەکردنی لە فراوانکردنی ئۆردوگا جولەکەنشینەکان کە لە پێنج ناوچەی کەناری رۆژئاوا بونیادیان دەنێت، کە بەوتەی ئەو پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە و بەربەستێکی گەورەیە لەبەردەم چەسپاندنی ئاشتی.

ئەوە لە کاتێکدایە، جەنگی غەززە لە ٧ـی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووەوە سەری هەڵداوە و تا ئێستاش درێژەی هەیە، شاندێکی ئیسڕائیلیش لە میسرە بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆ لەبارەی راگرتنی جەنگەکە و ئازادکردنی نزیکەی ١٢٠ بارمتە لەژێر دەستی گروپە چەکدارە فەڵەستینییەکان.













گەلەری