٢٧٩ رۆژە جەنگی حەماس و ئیسرائیل بەردەوامە و بەپێی نوێترین ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین، ژمارەی گیانلەدەستدان گەیشتووەتە زیاتر لە ٣٨ هەزار و ٣٠٠ کەس و ژمارەی بریندارەکانیش بۆ نزیکەی ٨٨ هەزار و ٣٠٠ کەس بەرز بووەتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین دوایین ئاماری قوربانیانی کەرتی غەززەی لە ئەنجامی بەردەوامی جەنگی حەماس و ئیسرائیل بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، لە ٧ـی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە کە دەستپێکی جەنگە تاوەکو ئێستا، ٣٨ هەزار و ٣٤٥ کەس لە غەززە گیانیان لەدەستداوە و ٨٨ هەزار و ٢٩٥ کەسی دیکەش بریندار بوون.
باسی لەوەش کرد، هەر ئەمڕۆ سوپای ئیسرائیل
دوو کۆمەڵکوژی بۆ سەر کەرتی غەززە ئەنجام داوە بەهۆیەوە ٥٠ کەس گیانیان لەدەستداوە
و ٥٤ کەسی دیکەش بریندار بوون.
ئەوەشی خستە روو، هێشتا دەیان تەرمی
دیکە لەژێر داروپەردووی باڵەخانە روخاوەکاندا ماون کە بەهۆی رێگرییەکانی ئیسرائیلەوە،
تیمەکانی بەرگری شارستانی نەیانتوانیوە دەریان بهێننەوە.
هاوکات، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند،
لە سەرەتای جەنگەوە تا ئێستا، ٦٨١ ئەفسەر و سەربازی سوپاکەیان گیانیان لەدەستداوە.
جەنگی ئیسرائیل و حەماس پێی ناوەتە
مانگی دەیەمەوە و بەهۆی بەردەوامی جەنگەکەش زۆرینەی دانیشتووانی کەرتی غەززە ئاوارە
بوون و بەشێکی زۆریان پەنایان بردووەتە بەر ئەو قوتابخانانەی کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە
سەرپەرشتی دەکرێن.