سەردێڕ:

نرخی دۆلار بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزی

PM:04:43:09/07/2024

2388 جار خوێندراوەتەوە

ماوەی چەند رۆژێکە نرخی دۆلار بەرامبەر بە دینار دەستی بەبەرزبوونەوە کردووە، ئەمڕۆش نرخی ١٠٠ دۆلار ١٥١ هەزاری تێپەڕاند، بەڵام لە ئێستادا نرخی ١٠٠ دۆلار لە بازاڕەکانی هەرێمدا١٤٩ هەزار و ٧٥٠ دینارە.


ئەمڕۆ سێشەممە، نرخی دۆلار لە بازاڕەکانی هەرێم بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە و ١٠٠ دۆلار ١٥١ هەزار دیناری تێپەڕاند. لە ئێستادا، نرخی ١٠٠ دۆلار لە بازاڕەکانی هەرێمدا١٤٩ هەزار و ٧٥٠ دینارە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، دوای ئەوەی بەهۆی بڕیارێکی بانکی ناوەندییەوە کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە عێراق بڕیاریاندا لە سبەینێوە دەست بە مانگرتن بکەن، ئەمڕۆ ئەو کۆمپانیایانە رایانگەیاند، مانگرتنەکەیان هەڵپەساردووە.

ئەوەش دوای بڕیارەکەی بانکی ناوەندی هات لەبارەی ئاڵوگۆڕی دراو لە فڕۆکەخانەکاندا، کە لە رۆژی ٤ی ئەم مانگەدا رایگەیاند، "لە رۆژی ١٤ـی تەمموزەوە سەرجەم گەشتیاران دەتوانن لە رێگای نووسینگەکانی پەیوەست بە مامەڵەداراییەکانی (رەیان، فنجان، سەما، قەند) لە فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان ١٠٠ دۆلار بە نرخی ١٣٢ هەزار دینار وەبگرن".

ئەو بڕیارەش ناڕەزایەتی نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراوی لێکەوتەوە و باسیان لەوە کرد، "گرفتیان لەگەڵ ئەوەدا هەیە کە تەنها چوار نووسینگە دیاریکراون".

لەبەر ئەو هۆکارەش بڕیاریان دابوو، لە سبەینێ چوارشەممەوە، دەست بە مانگرتن بکەن، ئەوەش بووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لە چەند رۆژی رابردوودا.

بەڵام لە ئێستادا و دوای ئەنجامدانی کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق و هەماهەنگی لەگەڵ بانکی ناوەندی، مانگرتنەکەیان تاوەکو کاتێکی نادیار هەڵپەساردووە و چاوەڕوانی رێکاری نوێن لە بانکی ناوەندییەوە.













گەلەری