نەخۆشی هاری، نەخۆشییەکی هاوبەشی ئاژەڵ و مرۆڤە و دەتوانرێت بە ڤاکسین رێگری لێبکرێت، هاری بەهۆی ڤایرۆسەوە، دوای گەستن و پێوەدانی ئاژەڵ و خشۆکەکانەوە دەکرێت تووشی مرۆڤ ببێت.
هۆکاری نەخۆشییەکە ڤایرۆسیrabies virus ـە، لە گروپی lyssavirus کە چەند ڤایرۆسێکن، بەشێوەیەکی گشتی بەپێی ئامارەکان، لە ٩٩٪ی حاڵەتە تۆمارکراوەکانی ئەم نەخۆشییە لە جیهاندا، بەهۆی گەستنی سەگەوە بوون و بەرێژەیەکی زیاتریش لەو شوێنانەدا روویانداوە کە سەگی بێلانەیان تێدایە، دواتر بە پلەی دووەم پشیلە دێت.
ساڵانە نەخۆشی هاری دەبێتە هۆی مردنی هەزاران کەس لە
جیهاندا، بەڵام دەکرێت ئەو کەسەی تووشی گەستن و پێوەدان دەبێت زوو بگەیەنرێتە
نەخۆشخانە و برینەکەی بۆ پاکبکرێتەوە، هەروەها ڤاکسینی نەخۆشییەکە وەربگرێت ئەوکاتە
بەرێژەیەکی بەرچاو یان ١٠٠٪ رێگری لە تووشبوونەکەی بکرێت.
ڤایرۆسەکە ناتوانێت بە پیستی ساغدا تێبپەڕێت، بەڵکو لەکاتی
گەستن و پێوەدان، یان برینداری و رووشاوی، زۆرجاریش بە بەرکەوتنی لیکی ئاژەڵ بە چاو
و دەمی کەسەکە تووشدەبێت، کاریگەریی دەکاتە سەر کۆئەندامی دەمار و بە جەستەدا
بڵاودەبێتەوە.
بەدەر لە ئاژەڵ و خشۆک، لە باڵندەکانیشدا شەمشەمەکوێرە
دەتوانێت مرۆڤ تووشبکات.
لە نیشانەکانی نەخۆشییەکە بریتین لە هەستیار بوونی مرۆڤ
بە دەنگ و رووناکی و ئاو و هەوا، تێکچوونی خەو، توڕەبوون، نائارامی بەردەوام،
بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی جەستە، سەرئێشە، لەدەستدانی ئارەزووی خواردن، لەرزین و
تەزوو یان گرژبوونی ماسولکە، توڕەیی و هەڵچوون، گۆڕانی شەخسییەت و بیرکردنەوە.
لە هەندێک باردا مرۆڤی توشبوو پەلاماری کەسانی چواردەور
دەدات، لە کوردەواریشدا ئەگەر کەسێک زۆر هەڵبچێت و لەسەر هەموو شتێک بە وەڵامبێت
بەشێوەیەکی نەشیاو و پەلاماربدات؛ دەڵێن، "ئەوە چییە وەک سەگ هار بووی؟"
هەندێک جار تووشبوونی ڤایرۆسەکە دەبێتە هۆی دەرکەوتنی نیشانەکان
لەشێوەی ئیفلیجی، کە بەهۆی هەوکردنی مێشکەوە ماسولکەکان خاو دەبنەوە و لە جوڵە
دەکەون، بەتایبەت ماسولکەکانی بۆڕی هەوا و دڵ، بەهۆی ئەوانەوە کەسەکە توانای
قوتدان و هەناسەدان لەدەست دەدات.
پزیشکان باس لەوەدەکەن، بەشێوەیەکی گشتی نزیکەی حەوت رۆژ
لەدوای دەرکەوتنی نیشانەی توڕەبوون و پەلاماردان، مەترسییەکانی مردن زیاتر دەبن.
ڤایرۆسەکە دەتوانێت بۆماوەی ٢٤ کاتژمێر لەدوای
مرداربوونەوەی ئاژەڵەکەش لە جەستەیدا چالاک بێت بۆیە گرنگە بە وریاییەوە مامەڵە
لەگەڵ ئاژەڵی مرداربووەوەدا بکرێت.
پزیشکان باس لەوەدەکەن، دەرکەوتنی نیشانەکانی نەخۆشییەکە
بەپێی جۆری ڤایرۆسەکە دەگۆڕێت و لەماوەی ١ رۆژ تاوەکو چەند ساڵێک دانراوە بۆ
دەرکەوتنی نیشانەکان، بەپێی جۆری ڤایرۆسەکە.
لەکاتی گەستن و پێوەداندا، گرنگە ئەگەر برینەکەش قوڵ
نەبێت کەسەکان سەردانی نەخۆشخانە بکەن، بەتایبەت ئەگەر ئاژەڵی بێلانە بوو، ئەگەر
ئاژەڵەکەش ماڵی بوو سەردانکردنی نەخۆشخانە سودی بۆ نەخۆشەکە دەبێت.
لەکاتی گەیشتن بە نەخۆشخانەدا برینەکە بۆ نەخۆش
پاکدەکرێتەوە و ئەگەر هەر شتێکی گەماناوی لەسەر بینرا لادەبرێت و نابێت بدوورێتەوە.
ئەگەر برینەکەشی قوڵ نەبوو و ئاسایی بوو پێویستە هەر ئەو کەسە ڤاکسین وەربگرێت.
لە گرنگترین رێکارەکانی خۆپاراستن:
-دوورکەوتنەوە لە ئاژەڵی بێلانە و ناو گژ و گیا و پووشی
گوماناوی.
-کوتانی ئاژەڵی ماڵی.
-پزیشکانی ڤێرتنەری پێویستە ڤاکسینەکە بەکاربهێنن.
-لەرێگای کوتانی سەگە بێلانەکانەوە دەکرێت کۆنتڕۆڵی
نەخۆشییەکە بکرێت و لەو رووەشەوە بەنگلادیش لە ساڵی ٢٠١٠ـەوە تاوەکو ٢٠٢٠ ئەو
هەڵمەتەی ئەنجامدا، بەپێی دوایین ئامارەکانیش توانیویانە رێژەی توشبوون بە نەخۆشییەکە
بە رێژەی زیاتر لە ٪٩٥ کۆنتڕۆڵ بکەن، هەروەها ئەمریکای لاتین و چەندین وڵاتی دیکەش
توانیویانە لەو رێگایەوە ژمارەی توشبوون کەم بکەنەوە.
-دەبێت بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو ئاژەڵانەدا بکرێت
کە مردار بوونەتەوە.
-پێویستە رێگە نەدرێت ئاژەڵی ماڵی بچێتە دەرەوە و لەگەڵ
ئاژەڵە بێلانەکاندا تووشی شەڕ ببێت، چونکە ئەوە ئەگەری توشبوونی ئاژەڵەکە زیاتر دەکات
بە ڤایرۆسەکە و دەکرێت لەرێی ئەو ئاژەڵە ماڵییەشەوە بگوازرێتەوە بۆ خاوەنەکانیان.
-سەگی توشبوو بە ڤایرۆسەکە چارەسەر ناکرێت، بۆیە رەنگە پێویست
بکات بەشێوەیەکی مرۆڤانە لەناوببرێت.
هـ.ئـ