سەردێڕ:

ئیسڕائیل مەرجەکانی خۆی بۆ ئاگربەست رادەگەیەنێت

AM:08:55:08/07/2024

2716 جار خوێندراوەتەوە

ئیسڕائیل مەرجەکانی سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتەی بۆ ئاگربەست راگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد، پێویستە رێگە بە ئیسڕائیل بدرێت تاوەکو کاتی تەواوبوونی دانوستان و راگەیاندنی ئاگربەست؛ بەردەوام بێت لە شەڕ و ئامانجەکانی بەدەستبهێنێت.


ئەمڕۆ یەکشەممە، نوسیگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، ئەگەر ئاگربەست لە کەرتی غەززە رابگەیەنرێت، دەبێت رێگە بە ئیسرائیل بدات بەردەوام بێت لە شەڕکردن تاوەکو ئەو کاتەی کە ئامانجە جەنگییەکانی بەدەست دەهێنێت.

ئاماژەی بەوەش کرد، پێویستە بەپێی ئەو رێککەوتنەی دەکرێت رێگری لە قاچاخچێتی چەک بۆ حەماس بکرێت و نابێت رێگە بدرێت بە گەڕانەوەی هەزاران چەکدار بۆ باکووری غەززە.

ئەوەشی خستە روو، بەپێی ئەو مەرجانەی رێککەوتوون و لەلایەن جۆ بایدنەوە رەزامەندی لەسەر دراوە، ئیسڕائیل رێگە دەدات بە گەڕانەوەی دانیشتووانی غەززە بۆ ناوچەکانی خۆیان بەبێ ئەوەی زیان بە بەرژەوەندییەکانی ئیسڕائیل بگەیەنێت.

هاوکات ئەمڕۆ، سەرکردەیەکی بزووتنەوەی حەماس بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، ئامادەن بۆ دەستپێکردنی دانوستان لەسەر ئازادکردنی بارمتەکان بەبێ راگەیاندنی ئاگربەستی هەمیشەیی.

ئەمەش لەکاتێکدایە، ئەمریکا و میسر و قەتەر بەردەوام لە هەوڵی نێوەندگیریدان بۆ رازیکردنی حەماس و ئیسڕائیل بۆ ئەنجامدانی دانوستان لەپێناو رێککەوتن لەسەر راگرتنی شەڕی نۆ مانگەی نێوانیان و ئازادکردنی بارمتەکان.

ئەوەش لەکاتێکدایە، جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە رۆژی ٧ـی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە دەستیپێکردووە و ماوەی نۆ مانگە جەنگەکە بەردەوامە. بەپێی ئامارەکان ٣٧هەزار و ٩٥٣ کەس لە کەرتی غەززە گیانیان لەدەستداوە و ٨٧ هەزار و ٢٦٦ کەسیش بریندار بوون، هەروەها هەزار و ١٣٩ کەسیش لە ئیسڕائیل گیانیان لەدەستداوە و هەشت هەزار و ٧٣٠ کەسیش بریندار بوون.













گەلەری