سەردێڕ:

دوای ٢٧٣ رۆژ لە بەردەوامی جەنگ؛ ئاماری قوربانیانی غەززە بووەتە چەند؟

PM:06:40:05/07/2024

1216 جار خوێندراوەتەوە

٢٧٣ رۆژ بەسەر جەنگی غەززە تێپەڕ دەبێت و بەپێی دوایین ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین، بەهۆی بەردەوامی جەنگەوە، ژمارەی گیانلەدەستدان لە کەرتی غەززە ٣٨ هەزار کەسی تێپەڕاندووە.


ئەمڕۆ هەینی، وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین راگەیانراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، لە ئەنجامی بەردەوامی جەنگ و هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچەکانی کەرتی غەززە، بەپێی دوایین ئامارەکان ژمارەی گیانلەدەستدان گەیشتووەتە ٣٨ هەزار و ١١ کەس.

ئاماژە بەوەش کراوە، هاوشێوەی ژمارەی گیانلەدەستدان، ژمارەی ئەو کەسانەی کە بەهۆی بەردەوامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە بریندار بوون بەرز بووەتەوە و گەیشتووەتە ٨٧ هەزار و ٤٤٥ کەس.

باس لەوەش کراوە، بە تەنها لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، هێزەکانی ئیرائیل چوار کۆمەڵکوژییان لە غەززە ئەنجام داوە و بەهۆیەوە ٥٨ کەس گیانیان لەدەستداوە و ١٧٩ کەسی دیکەش بریندار بوون.

هاوکات، بزووتنەوەی حەماس لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، رێگە بە چوونە ناوەوەی هیچ هێزێکی بیانی بۆ غەززە نادەن لەدوای کۆتایی هێنان بە جەنگ و دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچەکە بە مەبەستی ئیدارەدانی غەززە. وتیشی، " بەڕێوەبردنی کەرتی غەززە تەنها پرسێکی فەڵەستینییە و گەلی فەڵەستین بە تەواوی کۆکن لەسەر ئەو بابەتە".

لای خۆشیەوە، سوپای ئیسڕائیل رایگەیاند، لە رۆژی ٧ـی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە کە دەکاتە سەرەتای جەنگی غەززە تاوەکو ٢٧ـی حوزەیران، ٦٦٧ سەرباز و ئەفسەری سوپای ئیسڕائیل گیانیان لەدەستداوە و سێ هەزار و ٩٤٤ سەرباز و ئەفسەری دیکەش بریندار بوون.

ئەوەش لەکاتێکدایە، جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە رۆژی ٧ـی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە سەری هەڵداوە و ماوەی زیاتر لە هەشت مانگە جەنگەکە بەردەوامە.














گەلەری