سەردێڕ:

کەشناسی: تا سێ مانگی داهاتوو شەپۆلی گەرما بەردەوام دەبێت

PM:04:52:15/06/2024

1224 جار خوێندراوەتەوە

دەستەی کەشناسیی عێراق رایگەیاند، شەپۆلی گەرما تاوەکو سێ مانگی داهاتوو بەردەوام دەبێت و داواش لە هاوڵاتییان دەکەن، لە کاتەکانی پاشنیوەڕۆدا خۆیان لە بەرکەوتن بە تیشکی خۆر بپارێزن.


عامر جەباری بەڕێوەبەری گشتی دەستەی کەشناسی و بومەلەرزەزانیی عێراق رایگەیاندووە، لە مانگی شەش تاوەکو مانگی هەشت، پلەکانی گەرما روو لە بەرزبوونەوە دەکەن، کە ئەوەش دۆخێکی ئاسایی وەرزی هاوینە.

باسی لەوەش کردووە، تاوەکو ئەم ساتە بەرزترین پلەی گەرما ٤٩ پلەی سیلیزی بووە کە تۆمارکراوە، ئەویش لە نەجەف و زیقار و موسەنا بووە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، شەپۆلی گەرما تاوەکو سێ مانگی داهاتوو بەردەوام دەبێت و لەدوای ئەوەشەوە پلەکانی گەرما گۆڕانکارییان بەسەردا دێت و روو لە نزمبوونەوە دەکەن.

لەوبارەیەشەوە کەشناسی عێراق داوا لە هاوڵاتییان دەکات، لەکاتەکانی ١٠ی بەیانی تاوەکو ٤ی پاشنیوەڕۆ نەچنە بەردەم تیشکی خۆر و تاوەکو دەتوانن رێگە نەدەن تیشکی خۆریان بەربکەوێت، بەبێ بەکارهێنانی دژەخۆریش نەچنە دەرەوە لە ماڵ.

دەشڵێت، پێویستە هاوڵاتییان هەوڵبدەن لەوکاتانەی تیشکی خۆریان بەردەکەوێت جلوبەرگی خۆپارێزی لەبەربکەن کە سەرجەم جەستەیان دابپۆشێت و کڵاو لەسەر بکەن بۆ ئەوەی تیشکەکە بەر دەموچاو و گوێچکەیان نەکەوێت.

ئامۆژگاری هاوڵاتییانیش دەکات بەوەی، چاویلکەی خۆر بەکاربهێنن، کە بە رێژەیەکی بەرچاو زیانەکانی تیشکی بنەوشەیی لەسەر چاو کەم دەکاتەوە.

تیشکی سەروو بنەوشەیی بریتییە لەو تیشکە کارۆموگناتیسییەی کە درێژی شەپۆلەکەی لە رووناکی بینراو کورتترە و دەبێتە هۆی سووتانی پێست و زیان گەیاندن بە چاو، هاوکات زانایان و پزیشکان هۆشداری ئەوە دەدەن هەرگیز بەشێوەیەکی راستەوخۆ سەیری ئەو تیشکە نەکرێت، چونکە دەبێتە هۆی دروستبوونی ئاوی سپی چاو و زیادبوونی مەترسی تووشبوون بە شێرپەنجە.














گەلەری