سەردێڕ:

دهۆک؛ تا ئێستا خانەنشینانی سەربازی مووچەیان وەرنەگرتووە

AM:11:21:15/06/2024

888 جار خوێندراوەتەوە

پاش حەوت رۆژ لە چاوەڕوانی دابەشکردنی مووچەکانیان ئەمڕۆش بەشێک خانەنشینانی پێشمەرگە لە دهۆک چوونە بەردەم بانکەکان، بەڵام تا ئێستا مووچەکانیان وەرنەگرتووە.


هەرچەندە بەپێی لیستی مووچە دەبوایە حەوت رۆژ بەر لە ئەمڕۆ خانەنشینانی سەربازی مووچەکانیان وەربگرن پاش مانەوە لەبەردەم بانکەکان و چاوەڕوانییەکی زۆر دوێنێ بەشێکیان مووچەیان وەرگرت.

بەشێکی زۆری خانەنشینانی سەربازی دهۆک مووچەیان وەرنەگرتووە و لەبەردەم بانکەکان چاوەڕێی مووچەن بەڵام بانکەکان وەڵامیان نادەنەوە.

خانەنشینان باس لەوە دەکەن، ساڵانێکی زۆر خزمەتیان هەیە و تەمەنی خۆیان لە خزمەتکردنی وڵات بەسەربردووە، بەڵام حکومەتی کاربەڕێکەر رێزی ماندووبوونەکانیان ناگرێت.

ئاماژە بەوەش دەکەن، مووچەکانیان زۆر کەمە و بەشیان ناکات سەرەڕای ئەوەش مانگانە مووچەکانیان دوادەکەوێت و دەبێت چەند جارێک بچنە بەردەم بانکەکان بۆ وەرگرتنی مووچە.

دواکەوتنی دابەشکردنی مووچەی خانەنشینانی سەربازی لە کاتێکدایە پێشتر، چاوگێک لە وەزارەتی پێشمەرگە بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بەشێک لە پارەی مووچەی پێشمەرگە و خانەنشینانی سەربازی لەهەرێم دیارنەماوە. لەکاتێکدا، وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاندبوو، پارەی پێویستیان رەوانەی هەرێم کردووە.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو بڕە پارەیەی کە لە مووچەی پێشمەرگە و خانەنشینانی سەربازی دیار نەماوە زیاتر لە حەوت ملیار دینارە.

پێشتریش وەزارەتی دارایی عێراق باسی لەوە کرد، پارەی پێویستیان بۆ دابەشکردنی مووچەی پێشمەرگە و خانەنشینانی سەربازی رەوانەی هەرێم کردووە.













گەلەری