سەردێڕ:

٤٩ کۆچبەر بەهۆی ژێرئاوکەوتنی بەلەمەکەیان گیانیان لەدەستدا

PM:05:16:11/06/2024

1684 جار خوێندراوەتەوە

رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی بڵاوی کردەوە، بەهۆی ژێرئاوکەوتنی بەلەمێکی کۆچبەران لە کەناراوەکانی باشووری یەمەن ٤٩ کۆچبەر گیانیان لەدەستدا و ١٤٠ کۆچبەریش بێسەروشوێنن.


ئەمڕۆ سێشەممە، رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی بڵاوی کردەوە، بەلەمێکی کۆچبەران کە ٢٦٠ کۆچبەری سۆماڵی و ئەسیوبی تێدا بوو لە کەناراوەکانی باکووری سۆماڵەوە بەڕێکەوتبوو لە گەشتێکی ٣٢٠ کیلۆمەتریدا لە کەناراوەکانی باشووری یەمەن ژێرئاو کەوت.

ئاماژە بەوەش کراوە، لە ئەنجامی ژێرئاوکەوتنی ئەو بەلەمە، تاوەکو ئێستا تەرمی ٤٩ کەس دۆزراوەتەوە و ١٤٠ کەسیش بێسەروشوێنن.

ئەوەش خراوەتە روو، ٧١ کەس تاوەکو ئێستا رزگار کراون و لەناو ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە ٣١ کۆچبەریان ژنن و شەش کەسیشیان منداڵن.

لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا، بەهۆی ژێرئاوکەوتنی بەلەمێکی کۆچبەران لە کەناراوەکانی جیبۆتی لە رۆژهەڵاتی ئەفریقا لەکاتی هەوڵدانیان بۆ گەیشتن بە یەمەن ٦٢ کۆچبەر گیانیان لەدەستدا.

بەپێی ئاماری رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی، تاوەکو ئێستا زیاتر لە هەزار و ٨٦٠ کەس لەڕێگای کۆچکردنیان بۆ وڵاتانی کەنداو بێسەروشوێن بوون کە زیاتر لە ٤٨٠ کەسیان گیانیان لەدەستداوە.

ساڵانە دەیان هەزار کۆچبەری ئەفریقی بە درێژایی دەریای سوور و یەمەندا گەشتێکی مەترسیدار دەکەن بۆ گەیشتن بە ولاتانی کەنداو بەتایبەت سعودیە لەپێناو باشترکردنی دۆخی ئابوورییان.













گەلەری