سەردێڕ:

بەهۆی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەی؛ جێگری سەرۆکی مالاوی گیانی لەدەستدا

PM:03:04:11/06/2024

4136 جار خوێندراوەتەوە

لە ئەنجامی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەی لە میانەی گەشتێکدا؛ جێگری سەرۆکی وڵاتی مالاوی لەگەڵ نۆ سەرنشینی نێو فڕۆکەکە گیانیان لەدەستدا.


ئەمڕۆ سێشەممە، ئازارۆس چاکویرا سەرۆکی وڵاتی مالاوی رایگەیاند، کلاوس چیمیلا جێگری سەرۆکی مالاوی و نۆ کەسی دیکە لە رووداوی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەیان گیانیان لەدەستداوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، پاش ئەوەی سەرلەبەیانی رۆژی ١٠ـی ئەم مانگە جێگری سەرۆکی وڵات و شاندێکی یاوەری بە مەبەستی گەشتکردن پایتەختی مالاوییان بۆ شارێکی تر بەجێ هێشتووە، بەڵام بەهۆی خراپی کەشوهەواوە فڕۆکەکەیان نەیتوانیوە بنیشێتەوە و پێیان راگەیەندراوە بگەڕێنەوە لیلۆنگوێی پایتەختی وڵات، بەڵام لە کاتی گەڕانەوەیان تووشی کێشە بوون و پەیوەندییان پچڕاوە.

باسی لەوەش کرد، دوای گەڕان و لێکۆڵینەوە دەرکەوتووە فڕۆکەکەیان کەوتووەتە خوارەوە و کلاوس چیمیلا جێگری سەرۆکی مالاوی و نۆ کەسی تر گیانیان لەدەستداوە.

ئەوەشی خستەڕوو، دوای گەڕانێکی زۆر پاشماوەی فڕۆکەکەیان لە ناوچەیەکی شاخاوی لە باکووری وڵاتەکە دۆزیوەتەوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە ساڵی ١٩٤٠ـەوە، ١٥ سەرۆکی جیاوازی وڵاتان لە سەرتاسەری جیهاندا، بەهۆی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکانیانەوە گیانیان لەدەستداوە، دوایین رووداو ١٩ـی ئایاری ئەمساڵ روویدا کە تێیدا ئیبراهیم رەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران و حوسێن ئەمیرعەبدولهەیان وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە و حەوت کەسی دیکە بەهۆی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەیان گیانیان لەدەستدا.


 













گەلەری