سەردێڕ:

پارێزگاری هەولێر: چەند کەسێک لەسەر شەڕەتەقەکەی هەولێر دەستگیر کراون

PM:12:21:11/06/2024

2752 جار خوێندراوەتەوە

شەوی رابردوو لە رووداوێکی تەقەکردندا لە هەولێر سێ کەس گیانیان لەدەستدا و چوار کەسی دیکەش بریندار بوون. پارێزگاری هەولێریش دەڵێت، کێشەکە لەسەر زەوییەک بووە کە سەرەتا دراوە بە وەبەرهێنەرێک بۆ پڕۆژە بەڵام جێبەجێ نەکراوە، دواتر زەوییەکە دراوە بە وەبەرهێنەرێکی دیکە.


ئەمڕۆ سێشەممە، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا ئاماژەی بەوە کرد، چەند کەسێک لەسەر شەڕەتەقەکەی شەوی رابردوو لە نزیک گەڕەکی هەولێری نوێ دەستگیر کراون.

ئاماژەی بەوەش کرد، کێشەکە دەگەڕێتەوە بۆ دە ساڵ بەر لە ئێستا. وتیشی، چەندین جار لە دادگا هەردوولا دانیشتنیان ئەنجام داوە بەڵام دۆسییەکە یەکلایی نەبووەتەوە. 

ئەوەش لەکاتێکدایە، دوابەدوای رووداوەکە چاوگێکی ئاگادار بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، شەڕەکە بەهۆی ئەوەوە بووە دوو بەرپرس یەک پارچە زەویان بەپێی رێکارەکانی وەبەرهێنان بە دوو وەبەرهێن داوە بێ ئەوەی وەبەرهێنەرەکان ئاگادار بن.

ئەوەش لەکاتێکدایە، بەرپرسانی هەرێم بەبێ گەڕانەوە بۆ یاسا و مەرجەکانی وەبەرهێنان مامەڵە بە زەوی وەبەرهێنانەکانەوە دەکەن و لەسەر بنەمای سود و هاوبەشی دابەشیان دەکەن بەسەر وەبەرهێنەکاندا.













گەلەری