کۆمەڵەی بەرگریکردن لە ئازادی رۆژنامەگەری لە عێراق لەسەر دەستگیرکردنی هێرش قادر پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لەسەر سکاڵای سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم هاتە دەنگ و رایگەیاند، ئامانج لە بەکارهێنانی یاسا بۆ هێرشکردنە سەر رۆژانامەنووسان بۆ بێدەنگکردنی رۆژنامەنووسان و ترس خستنە دڵیانە تاوەکو واز لە کارەکانیان بهێنن.
ئەمڕۆ دووشەممە، کۆمەڵەی بەرگریکردن لە ئازادی رۆژنامەگەری لە عێراق بڵاوی کردەوە، بەهۆی سکاڵایەکی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم، هێرش قادر پەیامنێری ئێن ئاڕ تی بۆ ماوەی پێنج کاتژمێر دەستگیر کرا.
ئاماژە بەوەش کراوە، هێرش قادر بەرەبەیانی ئەمڕۆ سەردانی بنکەی پۆلیسی
بەختیاری لە هەولێر کرد بۆ ئامادەبوونی بەرامبەر ئەو سکاڵایەی دژی تۆمار کرابوو، بەڵام
دەستبەجێ لەلایەن پۆلیسی بنکەکەوە دەستگیر کرا و گواسترایەوە بۆ دادگای هەولێر و دواتر
بە کەفالەتی دوو ملیۆن دینار ئازاد کرا.
ئەوەش خراوەتە روو، هێرش قادر بەهۆی راپۆرتێکی لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێم
لەلایەن مەسرور بارزانییەوە سکالای لە دژ تۆمار کرا.
باس لەوەش کراوە، بەکارهێنانی یاسا لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە هاوشێوەی
سەردەمی دیکتاتۆری بۆ هێرشکردنە سەر رۆژنامەنووسان مەترسیدارە و ئامانج لێی بێدەنگکردنی
رۆژنامەنووسان و بڵاوکردنەوەی ترسە لە دڵیاندا بۆ ئەوەی لە کارەکانیان ساردیان بکەنەوە.